“فەرزانە جەلالی”، چالاکوانی مەدەنیی کورد بە تۆمەتی “بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران” لەلایەن لقی دوو دادگای شۆڕشی کرماشانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر “شاهرۆخ مورادی” بە ساڵێک بەندکردن سزادرا. دانیشتنی دادگای ئەو چالاکوانە مەدەنییە ڕۆژی ٢٤ی مانگی خەزەڵوەر / ٢٠١٩.١١.١٥ بەڕێوەچووبوو و سزاکەشی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەندراوە.

ئەو چالاکوانە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و گوتی: “لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی کرماشانەوە بە سەۆکایەتیی دادوەر مورادی بەتۆمەتی بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامی بە ساڵێک بەندکران سزادرام و لە تۆمەتەکانی سیخوڕی و ئەندامێتی گروپەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامی (پژاک) بێبەری کرام”.

فەرزانە جەلالی پێشتر ئەندامی ئەنجومەنی ئیسلامی و بەڕێوەبەری ڕۆژنامەی “سبەی” (صبح)ی زانکۆی تاران بووە بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانەوە لە ساڵی ١٣٨٩دا / ٢٠١٠ لە بەردەوامیدان بە خوێندن بێبەش کرا. ناوبراو لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە بواری مافەکانی ژنان و منداڵان چالاک بووە.

ئەو چالاکوانە مەدەنییە ڕۆژی ٥ی ڕەشەمەی ١٣٩٥ / ٢٠١٧.٠٢.٢٣ لە شەقامێکی کرماشان دەستبەسەرکرا و دواتر بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات لە مەیدانی نەفتی کرماشان ڕەوانە کرا.

ناوبراو ڕۆژی ١٩ی ڕەشەمە / ٢٠١٧.٠٣.٠٩ پاش ١٧ ڕۆژ مانەوە لە دەستبەسەرگەی ئەمنیی مەیدانی نەفت بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی کرماشان گواسترایەوە و ڕۆژی ٢٢ی ڕەشەمە / ٢٠١٧.٠٣.١٢ ئازادکرا.