بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، “سیروان ئیبراهیمی“، یەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی کولتوری و کۆمەڵایەتیی “نوژین”ی کامێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن دادگای شۆڕشی سنەوە بە تۆمەتی “هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردستانی” بە ٣ ساڵ بەندکران سزادراوە.

سیروان ئیبراهیمی لە رێکەوتی ٥ی پووشپەڕدا / ٢٠١٩.٠٦.٢٦، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە کامێران دەستبەسەرکرابوو و ڕۆژی ٢٢ی خەرمانان / ٢٠١٩.٠٩.١٣بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ئازادکرابوو.

لە چەند مانگی ڕابردوودا گۆشاری ناوەندە ئەمنییەکان بۆ سەر ئەندامی ئەو ڕێکخراوانەی لە بواری پاراستنی زمانی زگماکی دا چالاکن زیاتری کردووە، ئەنجومەنی کولتوری و کۆمەڵایەتیی نوژین یەک لەو ڕێکخراوانەیە.

پێشتر هاوکات بە دەستبەسەرکردنی سیروان ئیبراهیمی، “منەت ڕەحمانی” یەکی دیکە لە ئەندامەکانی ئەو ڕێکخراوە لە شاری کامێران دەستبەسەرکرابوو و پاش ٨٠ ڕۆژ لێکۆڵینەوە بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی ئازادکرابوو.

هەروەها “زارا محەمەدی“، “ڕێبوار منبەری” و “ئیدریس منبەری”، سێ ئەندامی ئەو ئەنجومەنە لە سنە لە ڕێکەوتی ٣ی جۆزەرداندا / ٢٠١٩.٠٥.٢٣ دەستبەسەرکرابوون. ڕێبوار و ئیدریس منبەری ٤ ڕۆژ پاش دەستبەسەرکران ئازادکرابوون. زارا محەمەدی زیاتر لە ٦ مانگ دەستبەسەربوو و سەرئەنجام ڕۆژی ١١ی سەرماوەز / ٢٠١٩.١٢.٠٢، بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ ملیۆن تمەنی ئازادکرا.

ئەنجومەنی کولتوری و کۆمەڵایەتیی نوژین ڕێکخراوێکی مەدەنییە کە لەلایەن وەزارتخانەی ناوخۆی ئێڕانەوە مۆڵەتی فەرمی پێدراوە، ئەو ئەنجومەنە لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەستاوە بە بەڕێوەبردنی خولی فێرکاریی زمانی کوردی لە شارە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەنجومەنی نوژین هەروەها ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو بۆ گەیاندنی هاوکاری و یارمەتییەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ لێقەوامانی لافاوی پارێزگای لوڕستان.