به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، زارا محه‌ممه‌دی چالاكوانی مه‌ده‌نی و ئه‌ندامی «ئەنجومەنی كولتووری-كۆمه‌ڵایه‌تیی نۆژین»، له ‌لایه‌ن لقی یه‌كی دادگای ئینقلابی سنه‌وه‌ ١٠ ساڵ بەندکرانی به سه‌ردا سه‌پا. به‌پێی ئەو حوكمەی بۆ ئه‌م مامۆستای زمانی كوردییه دەرچووە‌، ناوبراو به ‌تۆمه‌تی «دامەزراندنی ده‌سته‌ و گرووپ به‌ مەبەستی تێكدانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی» قورسترین سزای یاسایی، واته‌ ده‌ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.
دانیشتنی دادگاییكردنی ناوبراو لە ‌ڕێكه‌وتی ٢٧ی ڕێبه‌ندانی ساڵی پار و له‌ لقی یه‌كەمی دادگای ئینقلابی سنەدا‌ به ‌سه‌رۆكایه‌تیی دادوه‌ر سه‌عیدی به‌ڕێوه‌ چوو و ئه‌مڕۆش حوکمەکە کە دە ساڵ زیندانە، بە پارێزەرەکەی ڕاگه‌یەنراوه‌.
زارا محه‌ممه‌دی، بەڕێوەبه‌ری ئەنجومەنی كولتووری-کۆمەڵایەتیی «نۆژین» بووه‌ و وتنەوەی وانەی زمان و ئەدەبی کوردی و هەروەها کۆمەڵە چالاکییەکی مەدەنیی دیکە لە ڕیزی چالاکییەکانیدا بوون. ناوبراو له‌ ڕێكه‌وتی ٢ی جۆزه‌ردانی ١٣٩٨دا له ‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌تییه‌كانی سنه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر و له‌ ڕێكه‌وتی ١١ی سه‌رماوه‌زی ساڵی پاردا به ‌دانانی بارمته‌ی ٧٠٠ میلیۆن تمه‌نی ئازاد كرا.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونه‌ته‌وه‌یی لە ڕێکەوتی ٢٢ی خەزەڵوەردا بە بڵاوکردنەوەی داواکارییەکی بەپەلە، دەستبەسەرکردنی زارا موحەممەدیی بە “کردەوەیەکی نایاسایی” زانیبوو و داوای کردبوو خێرا و بەبێ مەرج ئازاد بکرێت.
لەو ڕاگەیەندراوەدا باس لەوە کرابوو کە لێکۆڵەرە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لەو چالاکڤانە مەدەنییە کردووە کە ئەگەر هاوکاریی ناوەندە ئەمنییەکان نەکات ئەندامانی بنەماڵەکەی دەستبەسەر دەکرێن، جێی ئاماژه‌یه‌ ناوبراو له ‌كاتی ده‌ستبه‌سه‌ربوونیدا نەخۆشیی گه‌ده‌ی بووه‌ و ده‌رمانه‌كانی له ‌به‌رده‌ستدا نه‌بووه‌.

ئه‌نجومه‌نی نۆژین له ‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ئێرانه‌وه‌ مۆڵه‌تی فه‌رمیی کارکردنی پێ درابوو‌ و ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە به‌ درێژایی ‌ساڵانی ڕابردوو له‌ چه‌ندین شاری پارێزگای كوردستاندا خولی فێرکاریی زمانی كوردییان داناوه‌، ئەنجومەنی نۆژین لە یارمەتیدانی لێقەوماوانی لافاوەکەی لوڕستانیشدا دەورێکی کاریگەری هەبووە.