بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان کەوتووە، ڕۆژی دووشەممە ٦ی گەلاوێژ، حوکمێکی نوێ لە زیندانی ئێڤین‌دا بە سەکینە پەروانە ڕاگەیەنراوە و بەپێی ئەو حوکمە بە تۆمەتی «ئاژاوەنانەوە لە زینداندا» مەحکووم کراوە بە دوو ساڵ بەندکران. تا ئێستا زانیارییەکی تەواو لەسەر چۆنێتیی پرۆسەی دادگایی‌کردنی ئەم زیندانییە سیاسییە لەم دۆسیە نوێیەدا بەردەست نەکەوتووە.
ناوبراو لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا بە هۆی نووسین و وتنەوەی دروشمەوە لە بەندیخانەی ئێڤینەوە گوێزرایەوە بۆ بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین و دوای ٤ ڕۆژ ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسیدا ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەروونپزیشکیی ئەمین‌ئاوای شاری ڕەی کرا.
ئەم زیندانییە سیاسییە لە حاڵێکدا ڕۆژی ١٤ی پووشپەڕ لە بەندیخانەی قەرچەکەوە دیسان گواسترایەوە بۆ بەندی قەرەنتینەی بەندیخانەی ئێوین کە ئاسەواری ئەشکەنجە و شین و مۆربوونەوە بە جەستەیەوە دیار بوو.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخی ئەم زیندانییە سیاسییە، بە درێژایی ئەو ماوەیەی خانمی پەروانە لە زیندانی قەرچەک و پێش ئەوەش لە بەندی دووی ئەلف و بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین‌دا بووە، چەندەها جار لە لایەن کاربەدەستانی زیندان و بەرپرسە ئەمنیەتییەکانی سپای پاسدارانەوە بە قورسی ئەشکەنجە دراوە و بە هۆی ئەم لێدان و ئەشکەنجانەوە دوو نینۆکی پێی شکاوە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە دەڵێت: «سەکینە پەروانە جارێکیش بە زۆر لە زیندانی ئێڤینەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەروونپزیشکیی ئەمین‌ئاوا کرا و سەرەڕای ئەوەی پزیشکی پسپۆڕ وتوویەتی هیچ کێشەیەکی دەروونیی نییە، بەڵام بە دەستووری کاربەدەستانی ڕیکخراوی ئیتلاعاتی سپا لە حاڵێکدا کە دەست و پێیەکانی بە قەرەوێڵەیەکەوە بەسترابوویەوە، کۆمەڵێک دەوا و دەرمانی دەرخوارد دراوە و ئەمەش تەندروستیی دەروونی و جەستەیی خانمی پەروانەی خستۆتە بەر مەترسیی جیدییەوە و بۆتە هۆی تێکچوونی هاوسەنگیی دەروونی و سڕبوونی لەشی».
پەیام دوڕئەفشان، پارزه‌ری ئه‌م به‌ندكراوه سیاسییه کە خۆیشی ئێستا لە بەندیخانەدایە، رۆژی ٥ی جۆزه‌ردانی ئەمساڵ ڕایگەیاند که لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران سزای ٥ ساڵ زیندان و ٢ ساڵ قەدەغەکردنی ئه‌ندامێتی له ده‌سته و لایه‌نه سیاسییه‌كانی بە سەر ئەو خانمەدا سەپاندووە. بە پێی حوكمی دادگا، تۆمه‌تی په‌روانە بریتییە لە ئه‌ندامێتی له گرووپه‌كانی دژ به حکوومەتدا به ئامانجی دروستکردنی مەترسی لە سەر ئاسایشی وڵات.
سەکینە پەروانە پێشتر بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک لە ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕدا باسی ڕەوتی دەستبەسەرکران و ئەو ئازار و ئەشکەنجانە کردبوو کە لە کاتی زیندانیبووندا ڕووبەڕووی کراوەتەوە. به پێی قسه‌كانی خانمی سه‌كینه، بەرپرسە ئه‌منیه‌تییەکانی كۆماری ئیسلامی له سه‌ره‌تاكانی پاییزی ١٣٨٩دا به بیانووی چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌کەیدا له‌شاری سلێمانیی كوردستانی ئێراق، دوای ئەوەی دەینێرنە سنووری ئێران و ئێراق، ماوه‌ی ١٠ ڕۆژ له ده‌سبه‌سه‌رگه‌كانی مه‌ریوان و سنه‌دا گێڕاویانە و دواتر ناردوویانه‌ته زیندانی ئێڤین. قۆناغی ده‌ستبه‌ربوونی ناوبراو لە دۆخێکی دژوار و لە ژێر سه‌ختترین ئه‌شكه‌نجه‌ی جه‌سته‌ییدا، له به‌نده‌كانی دووی ئه‌لف، ٢٠٩ و ژنانی زیندانی ئێڤین‌دا تێپەڕیوە.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار لە دۆخی ئه‌م به‌ندكراوه سیاسییه لە تاران پێشتر به تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی کوردستانی ڕاگه‌یاندبوو كه ناوبراو دوای كۆتاییهاتنی لێكۆڵینه‌وه‌كان گواستراوەتەوە بۆ به‌شی ژنانی به‌ندیخانه‌ی ئێڤین و له مانگی خاكه‌لێوه‌ی ئه‌مساڵیشدا به هۆی نووسینی دروشم و کێشانی ئاڵای هەرێمی کوردستان، دیسان لەو‌ێشەوە گواستراوەتەوە و ئەم جار براوەتە به‌ندیخانه‌ی قه‌رچه‌كی وه‌رامین و دوای ٤ ڕۆژ مانەوە له ژووری تاكه‌كه‌سیدا گواستراوه‌ته‌وه بۆ نه‌خۆشخانه‌ی «ئه‌مین‌ئاوا» له شاری ڕه‌ی.
له مانگی خاكه‌لێوه‌ی ئه‌مساڵ و له بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین‌دا، کێشانی ئاڵای هەرێمی کوردستان و نووسینەوەی دروشمەکانی كۆمه‌ڵه لە لایەن سه‌كینه په‌روانه‌وە بووە پەرچەکرداری توندی به‌رپرسانی ئه‌منیه‌تیی لێ کەوتەوە و ئه‌م به‌ندكراوه سیاسییه دیسان لەو‌ێشەوە گواسترایەوە و ئەم جار برایە به‌ندیخانه‌ی قه‌رچه‌كی وه‌رامین و دوای ٤ ڕۆژ مانەوە له ژووری تاكه‌كه‌سیدا، گواسترایەوه بۆ نه‌خۆشخانه‌ی «ئه‌مین‌ئاوا» له شاری ڕه‌ی. به وته‌ی ئه‌م سه‌رچاوەیە، خانمی په‌روانه دوای ٢٥ ڕۆژ مانه‌وه له نه‌خۆشخانه‌ی دەروونپزیشكیی ئه‌میناوای شاری ڕه‌ی، سەرلەنوێ گواسترایەوە بۆ قه‌ره‌نتینه‌ی به‌ندیخانه‌ی قه‌رچه‌ك.