به‌پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، ڕۆژی شەممە ١ی سەرماوەز لقی ١١ی دیوانی باڵای ئێران داوای سەرلەنوێ دادگاییکردنەوەی کامەران ساختمانگەری ڕەت کردۆتەوە. ئەم چالاکوانە کرێکارییە سەرماوەزی پارەکە لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنەوە بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە کۆمەڵەدا-ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران» و «بانگەشەی دژی حکوومەت» بە گشتی حوکمی ٦ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپابوو و دواتر داوای لە دیوانی باڵا کردبوو ئەم حوکمە هەڵبوەشێنرێتەوە و سەرلەنوێ دادگایی بکەنەوە.

سەرەتای ڕەزبەری ئەمساڵ ئەم چالاکوانە کرێکارییە بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی بانگهێشتی بەردەم لقی ٤ی بەشی ئیجرای ئەحکامی دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنە کرابوو. بە گەڕانەوە بۆ مادەی یاسایی کۆکردنەوەی حوکمەکانی یاسای سزادانی ئیسلامی، ٥ ساڵ لەم حوکمە –واتە ئەو ٥ ساڵەی بە تۆمەتی ئەندامێتی لە کۆمەڵە-ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا بەسەریدا سەپاوە- دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەم چالاکوانە کرێکارییە ئێوارەی ١٣ی خەرمانانی پارەکە لە گوندێکی نزیک سەقز دەستبەسەر کرابوو و گواسترابوویەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە.

ناوبراو ١١ی ڕەزبەر و دوای نزیکەی مانگێک لێپرسینەوە، لەم دەستبەسەرگەیەوە ڕەوانەی بەردەم لقی دووی لێپرسینەوەی دادگای سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر مووسا شاەگڵدی ئالی‌باقر کرابوو و بڕیاری دەستبەسەربوونەکەی گۆڕرابوو بۆ بارمتەیەکی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی.

دواجار کامەران ساختمانگەر ڕۆژی چوارشەممە ٦ی سەرماوەزی ساڵی پار بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرابوو.