به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی كوردستان، سزای شەش ساڵ زیندانی زه‌ینه‌ب ئیسماعیلی، ئه‌ندامی گرووپی دایكانی ئاشتی، دوای پێشکەشکردنی داوای پێداچوونەوە له‌ لقی یه‌كەمی دادگای شۆڕشی سنه‌ گۆڕدرا بۆ‌ یه‌ك ساڵ به‌ندكرانی هه‌ڵپه‌سێدراو. ناوبراو پێشتر له‌ لایه‌ن دادگای ئینقلابی سنه‌وه‌ بە شێوەی غیابی و بەبێ ئامادەبوونی خۆی، به‌ تۆمه‌تی ئه‌ندامبوون له‌ «گرووپە بەرهەڵستکارەکاندا» و «بانگەشەی دژی حکوومەت» به‌ گشتی سزای شه‌ش ساڵ به‌ندكرانی به‌سه‌ردا سه‌پابوو.

زه‌ینه‌ب ئیسماعیلی له‌ ڕێكه‌وتی ٨ی ڕێبه‌ندانی ساڵی پاردا لە لایەن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانەوە له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا له‌ شاری دێولانی پارێزگای كوردستان ده‌ستبه‌سه‌ر کرا و دوای مانگێك مانه‌وه‌ له‌ ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی شاری سنه‌، به‌ دانانی بارمته‌ ئازاد كرا. ناوبراو بە درێژایی ئەو‌ ماوه‌یه‌ مافی چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ و هه‌روه‌ها مافی وه‌رگرتنی دەواوده‌رمانی لێ زه‌وت كرابوو.  

ئه‌م ئه‌ندامەی گروپی دایكانی ئاشتی كه‌ لەبەر ئاگادارنه‌بوون له‌ كاتی به‌ڕێوه‌چوونی دادگاییەکەی له‌ دانیشتنەکە ئاماده‌ نەبووبوو، له‌ كۆتاییه‌كانی مانگی گه‌ڵاڕێزان و لە غیابی خۆیدا به‌ تۆمه‌تی ئه‌ندامبوونی له‌ گرووپه‌ بەرهەڵستکاره‌كاندا سزای پێنج ساڵ زیندان و به‌ تۆمه‌تی بانگەشەی دژی حکوومەتیش سزای‌ ساڵێك بەندکرانی بەسەردا سەپابوو. دوای پێشکەشکردنی داوای پێداچوونەوە لە لایەن پارێزه‌ره‌كه‌یەوە، ئەم جارە بە ئامادەبوونی خۆی‌ له‌ رێكه‌وتی ١ی سه‌رماوه‌زدا له‌ لقی یه‌كەمی دادگای شۆڕشی سنه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تیی دادوه‌ر سه‌عیدی دادگایی کرا و ئه‌م چالاكه‌ مه‌ده‌نییه‌‌ تۆمه‌تی ئه‌ندامبوون له‌ گرووپه‌ دژبه‌ره‌كانی لەسەر لاچوو، بەڵام‌ به‌ تۆمه‌تی بانگەشەی دژی حکوومەت سزای‌ ساڵێك بەندکرانی بەسەردا سەپا. ئه‌م سزایە له‌ ڕۆژانی ڕابردوودا به‌ شێوه‌ی یاسایی به‌ پارێزه‌ره‌كه‌ی ڕاگه‌یەنراوە. 

زەینەب ئیسماعیلی دایکی “موحەمەدئەمین ئەمیری” بە نازناوی “هاوڕێ لەیلاخ”، ئەندامی یەکینەکانی پاراستنی گەلە. موحەمەدئەمین ئەمیری لە ساڵی ٢٠١٤دا لە میانەی بەرگریی یەکینەکانی پاراستنی گەل لە شاری کۆبانێ لە بەرامبەر هێرشی چەکدارەکانی داعشدا گیانی بەخت کردبوو.

دایکانی ئاشتیی کوردستان لە لایەن کۆمەڵێک لە دایکانی گیانبەختکردووان و بەندکراوانی سیاسیی لەسێدارەدراوی کوردەوە دامەزراوە. ئەو دایکانە دەستەبەرکردنی ئاشتی و پەردەلادان لەسەر ڕاستییەکان و دابینکردنی دادپەروەری وەک ئامانجی خۆیان دیاری کردووە.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا گۆشاری ناوەندە ئەمنییەکان بۆ سەر چالاكانی ئه‌م گرووپه‌ له‌ شاره‌كانی سنه‌، مه‌ریوان و دێولان زیادی کردووە، ئەو ناوەندانە بەردەوام ئەم دایکانەیان بانگهێشت کردووە و لێپرسینەوەیان لێ کردوون.