بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە ٢٩ی گەڵاڕێزان، چالاکی مەدەنیی کورد ئەرەستوو مەلاڕەحیمی بۆ جێبەجێکردنی حوکمی ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکران ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کراوە.

ئەم چالاکە مەدەنییە لە ڕێکەوتی ٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٩دا دوای بەنگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد دەستبەسەر کرا و دوای حەفتەیەک بە دانانی کەفالەت ئازاد کرا. ناوبراو لە سەرەتای خاکەلێوەی ئەمساڵدا لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهابادەوە بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا» و «بانگەشەی دژی حکوومەت»، بە ڕیز سزای ٣١ مانگ و ١٧ ڕۆژ و ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

لقی ١٣ی دادگای پیاچوونەوەی ورمێ لە گەلاوێژی هەمان ساڵدا تۆمەتی «ئەندامبوون لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران»ی لەسەر ئەم چالاکە مەدەنییە لا برد و حوکمی ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکرانەکەی بە تۆمەتی «بانگەشەی دژی حکوومەت» وەک خۆی پەسەند کردەوە.

ئەم چالاکە مەدەنییە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە زۆربەی کەمپەینە جەماوەرییەکانی شاری مەهاباددا بۆ یارمەتیدانی لافاولێدراوان و بوومەلەرزەلێدراوان، دەورێکی بەرچاو و کاریگەری هەبووە.