دوابەدوای ڕەتبوونەوەی داواکاریی دادگاییکردنەوەی دووبارە بۆ حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی زارا محەممەدی بەپێی مادەی ٤٧٧ی یاسای دادگاییکردنی کەیفەری لە لایەن سەرۆکی گشتیی دادگوستەریی پارێزگای کوردستانەوە، حوکمەکەی ئەم چالاکە ئەدەبی و فەرهەنگییە کوردە پەسەند کراوە و نێردراوەتە بەردەم نووسینگەی ئیجرای ئەحکامی دادسەرای سنە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی بەفرانبار ئەنجومەنی نۆژین کە خاتوو زارا محەممەدی بەڕێوەبەریەتی، بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام، وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە نووسیویەتی: «دوای هەوڵێکی زۆر بۆ هەڵوەشاندنەوەی حوکمی نادادپەروەرانەی زارا محەممەدی لەڕێی دادگای پیاچوونەوە، دیوانی باڵا و پرۆسەی جێبەجێکردنی مادەی ٤٧٧ـەوە، بە داخەوە جارێکی تر ئەم حوکمە لە لایەن سەرۆکی گشتیی دادگوستەریی پارێزگای کوردستانەوە داسەپاوە و بۆ جێبەجێکردن ڕەوانەی بەردەم نووسینگەی ئیجرای ئەحکامی سنە کراوە».

زارا محەممەدی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی نۆژینە و لە ساڵانی ڕابردوودا لە بواری فێرکاری و وتنەوەی زمانی کوردیدا چالاکیی نواندووە. ئه‌نجومه‌نی نۆژین له ‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئێرانه‌وه‌ مۆڵه‌تی فه‌رمیی کارکردنی پێ درابوو‌ و لە ‌ساڵانی ڕابردوودا له‌چه‌ندین شاری كوردستان خولی فێرکاریی زمانی كوردیی کردبۆوه‌، ئەم دامەزراوە مەدەنییە هەروەها لە بوارە فەرهەنگییەکانی تر و ڕێکخستنی کەمپەینی یارمەتیدانی لێقەوماوانی لافاو، یارمەتیدانی خەڵک لە قۆناغی پەتای کۆرۆنادا و… کاری کردووە.

خانمی محه‌ممه‌دی له‌ڕێكه‌وتی ٢ی جۆزه‌ردانی ١٣٩٨دا له ‌لایه‌ن هێزه ‌ئه‌منییه‌كانەوە لە سنه‌‌ده‌ستبه‌سه‌ر کرا و بۆ ماوەی ٦ مانگ لەسەر چالاکییەکانی لێپرسینەوەی لێ کرا و بۆ وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرایە ژێر زەخت و گوشارەوە. ناوبراو له‌ڕێكه‌وتی ١١ی سه‌رماوه‌زی ١٣٩٨دا به ‌دانانی بارمته‌ی ٧٠٠ میلیۆن تمه‌نی ئازاد كرا.

زارا محەممەدی لە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕێبەندانی ١٣٩٨دا لە لقی ٤ی دادگای پێداچوونه‌وه‌ی سنە بە تۆمەتی «پێکهێنانی تاقم و گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» دادگایی کرا و‌ حوکمی‌١٠ ساڵ به‌ندكرانی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە لە لقی ٤ی دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای کوردستاندا گۆڕدرا بۆ ٥ ساڵ بەندکران.

پارێزەرەکانی خانمی محەممەدی بۆ تانەدان لەم حوکمە داوای دادگاییکردنەوەی دووبارەیان لەڕێی مادەی ٤٧٧ی یاسای دادگاییکردنی کەیفەرییەوە پێشکەش کردبوو کە بەپێی هەواڵی ڕاگەیەنراوی ئەنجومەنی نۆژین ئەم داواکارییە لە لایەن سەرۆکی گشتیی دادگوستەریی پارێزگای کوردستانەوە ڕەت کراوەتەوە.