تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی ٢٧ی خاکەلێوە (١٦ی ئاوریل) مەلایەکی ئایینیی سوننەی کورد بە ناوی محەممەدمیرزا ڕەحمانی و ٣ چالاکوانی کورد بە ناوەکانی سیروان قوربانی، ئامانج قوربانی و بورهان کەمانگەر بە تۆمەتی «بانگەشەکردن بۆ گرووپە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران» لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی ٢ی شاری کامێرانەوە بەپێی مادەی ٥٠٠ی یاسای سزادانی ئیسلامی هەرکامە حوکمی ٩١ ڕۆژ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.

دادگاکە بەشداریکردنی ئەم کەسانەی لە ڕێوڕەسمی سەرخۆشیی زیندانیی سیاسیی ئێعدامکراوی کورد حەیدەر قوربانی و «وتنەوەی دروشمی ڕێساشکێنانە و ئەنجامدانی کرداری نەگونجاو و لەوانە چەپڵەلێدان و شێعرخوێندنەوەی بەکۆمەڵ»ی بە بەڵگەی بانگەشەکردن بۆ گرووپە نەیارەکانی حکوومەت لە قەڵەم داوە و ئەم حوکمەی دەر کردووە.

لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی ٢ی شاری کامێران لە حوکمەکەی خۆیدا کە بە نووسراو و بە شێوەی ڕەسمی بەم کەسانە ڕاگەیەنراوە، وتوویەتی کە ئەم حوکمە بۆ ماوەی ٢ ساڵ دەچێتە حاڵەتی هەڵپەساردنی چاودێریکەرانەوە. لە دەقی حوکمەکەدا هەروەها نووسراوە: «لە ماوەی هەڵبەساردنەکەدا ١. هەرکام لە تۆمەتباران دەبێ لانیکەم کتێبێک (پێویستە کتێبەکانیان جیاواز لە یەکتر بێت) سەبارەت بە بنەماکانی شۆڕشی ئیسلامی، ئامانج و دەستکەوتەکانی و هەروەها کێشەکانی بەردەمی ئەم شۆڕشە بخوێننەوە و وێڕای پێشکەشکردنی زانارییە بەدەستهاتووەکانی خۆیان لە خوێندنەوەی ئەم کتێبانە، لەگەڵ ئاماژەکردندا بە سەرچاوەکە لە دووتوێی وتارێکی سەربەخۆ و جیاوازدا بۆچوونی خۆیان لەسەر تاوانە ئەنجامدراوەکەیان بنووسن، ٢. هەرکام لە تۆمەتباران لە ماوەی ١٠ ڕۆژ دوای پەسەندکرانی حوکمەکەدا و لە پێناو پەرەپێدانی کولتووری چاکەکاری و خێرخوازی لە کۆمەڵگادا کە یەکێکە لە بەرزترین چاکەکان و دیارترین سرووتەکان، بە بڕی لانیکەم دە میلیۆن ڕیاڵ شتومەکی خواردەمەنی یان جلوبەرگ بۆ خەڵکی هەژار و بێدەرەتانی شاری کامێران بکڕن و بە هەماهەنگیی ئیدارەی بێهزیستیی ئەم شارە بە ناویاندا بڵاوی بکەنەوە و وەسڵەکەی ڕادەستی نووسینگەی ئیجرای ئەحکامی کەیفەری بکەن».

ئەم حوکمە لە ڕێگای تانەلێدانی تاوانبارانەوە قابیلی پیاچوونەوەیە.

زیندانیی سیاسیی کورد حەیدەر قوربانی لە ڕێکەوتی ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠٠دا (١٩ی دێسامبری ٢٠٢١) بە نهێنی لە زیندانی ناوەندیی سنە لە سێدارە درا. دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە و سەرەڕای هەڕەشەکردنی ئیدارەی ئیتلاعات لە بنەماڵەکەی و ئامادەبوونی بەرچاوی هێزە ئەمنییەکان، ڕێوڕەسمی سەرەخۆشیی ئەم زیندانییە سیاسییە ئێعدامکراوە بە بەشداریی بەربڵاوی هاووڵاتییان لە ماڵەکەی خۆیدا بۆ ماوەی چەند ڕۆژ بەڕێوە چوو.

ئامانج قوربانی و محەممەدمیرزا ڕەحمانی لە ڕێکەوتی ٣٠ی سەرماوەز (٢١ی دێسامبر) و ١ی بەفرانباردا (٢٢ی دێسامبر) دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کامێران دەستبەسەر کران. هەروەها لە ڕێکەوتی ٢ی بەفرانباردا (٢٣ی دێسامبر) سیروان قوربانی و بورهان کەمانگەر لە شەقامەکانی کامێران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران. ئەم کەسانە دوای نزیکەی ٣ حەفتە دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانەکانی کامێران و سنە ئازاد کران.