بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، مەسعوود کوردپوور، سەرنووسەری ئاژانسی هەواڵنێریی موکریان، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی بۆکانەوە بە تۆمەتی«تێکدانی ئارامیی گشتی» و «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» بە گشتی سزای ١٧ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

دادگای ئەم ڕۆژنامەوانە کوردە لە ڕێکەوتی ٩ی سەرماوەزدا (٣٠ی نۆڤامبر) بە شێوەی ڤیدیۆکۆنفرانس بەڕێوە چوو و لە ڕۆژانی ڕابردوودا حوکمەکەی پێ ڕاگەیەنراوە.

بەپێی دەقی حوکمەکە، مەسعوود کوردپوور بە تۆمەتی«تێکدانی ئارامیی گشتی» و «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» بە ڕیز سزای ٨ مانگ و ٩ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە. ئەگەر حوکمەکە لە دادگای پیاچوونەوەی پارێزگادا وەک خۆی پەسەند بکرێتەوە، بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی (مادی کۆکردنەوەی حوکمەکان) گەورەترین سزاکە کە ٩ مانگە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

مەسعوود کوردپوور، سەرنووسەری ئاژانسی هەواڵنێریی موکریان، لە ڕێکەوتی ٢٩ی خەرماناندا (٢٠ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە بۆکان دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. ناوبراو دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی میاندواو کرا و بەم دواییانەش براوەتەوە بۆ زیندانی بۆکان.