لە درێژەی گوشارەکان و سەپاندنی سزای بەندکران بەسەر بنەماڵەی دادخوازاندا، عەبدولڕەحمان نەسری و ئارمان حەبیبی، لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازانی سنە، لە لایەن دادگای کەیفەریی بۆکانەوە سزای ٦ مانگ و نیو بەندکران و ٤٠ قامچییان بەسەردا سەپا. پێشتریش حەسەن ئەمینی و هاشم ساعیدی، لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازانی سنە، هەر لە لایەن ئەم دادگایەوە سزای هاوشێوەیان بەسەردا سەپابوو.

 بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا عەبدولڕەحمان نەسری، باوکی مەتین نەسری و ئارمان حەبیبی، برای ئارام حەبیبی، لە لایەن دادگای کەیفەریی دووی بۆکانەوە بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامیی گشتی» سزای ٦ مانگ و نیو بەندکران و ٤٠ قامچییان بەسەردا سەپاوە. هەروەها سدیق بەهمەنی، باوکی شاهۆ بەهمەنی، لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە سنە، لە لایەن ئەم دادگایەوە بڕیاری ئەستۆپاکی (بێتاوانی)ی بۆ دەرکراوە.

لە ڕێکەوتی ١٩ی جۆزەرداندا (٩ی ژوەن) ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازانی شارەکانی دێولان، دیواندەرە و سنە کە بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی یادی گیانبەختکردوانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شارەکانی سەقز و بۆکاندا کردبوو، لە کاتی گەڕانەوەدا لە دەروازەی شاری بۆکان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران. عەبدولڕەحمان نەسری و ئارمان حەبیبی لە ڕێکەوتی ٢٦ی جۆزەرداندا (١٦ی ژوەن) بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی بۆکان ئازاد کران.

مەتین نەسری و ئارام حەبیبی لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە سنە کەوتنە بەر پەلاماری هێزە ئەمنییەکان و بە دەسڕێژی گوللە و لێدان بە باتۆم گیانیان بەخت کرد.