ئیدریس مینبەری، چالاکی مەدەنی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی «نۆژین»، بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامیی گشتی» سزای ساڵێک بەندکران لە مەنفادا و ٤٠ قامچیی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم چالاکە مەدەنییە کوردە ڕۆژی ١٨ی ڕەزبەری ١٤٠٢ (١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) بەبێ ئامادەبوونی خۆی و پارێزەرەکانی لە لقی ١٠٦ی دادگای کەیفەریی دووی سنەدا بە سەرۆکایەتیی دادوەر بەهمەن ئومیدزادە بەڕێوە چووە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا حوکمەکە بە شێوەی نووسراو بە ئیدریس مینبەری ڕاگەیەنراوە و لە ماوەی ٢١ ڕۆژدا دەتوانێت داوای پیاچوونەوەی بۆ بکات.

بەپێی ئەم حوکمە، دادگاکە بە گەڕانەوە بۆ تێبییی ٣ی مادەی ٥١٣ی یاسای شێوازی دادگاییکردنی کەیفەری، جێبەجێکردنی سزای بەندکرانی ئەم چالاکە مەدەنییەی لە شوێنی ژیانی خۆیدا بە شیاو نەزانیوە و دەستووری داوە کە سزاکە لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشاندا جێبەجێ بکرێت.

ئیدریس مینبەری، چالاکی مەدەنی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی «نۆژین»، ڕۆژی ٧ی سەرماوەزی ١٤٠١ (٢٨ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری سنە دەستبەسەر کرا و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە گوازرایەوە بۆ زیندانی ئەم شارە و ڕۆژی ٩ی ڕێبەندانیش (٢٩ی ژانڤییەی ٢٠٢٣) بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.