سروە پوورمحەممەدی و ئیدریس مینبەری، لە ئەندامانی ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی «نۆژین»، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر کەرەمی، بە تۆمەتی «پێکهێنان یان ئەندامبوون لە دەستە و گرووپدا بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات» هەرکامە سزای ١٠ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ئەم حوکمە بە پارێزەرانی ئەو دوو چالاکە مەدەنییە ڕاگەیەنراوە.

ئیدریس مینبەری پێشتر و لە دادگایەکی غیابیی دیکە لە ڕۆژی ١٨ی ڕەزبەری ١٤٠٢دا (١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامیی گشتی» سزای ساڵێک بەندکران لە مەنفا لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشان و ٤٠ قامچیی بەسەردا سەپابوو.

ئیدریس مینبەری، چالاکی مەدەنی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی «نۆژین»، ڕۆژی ٧ی سەرماوەزی ١٤٠١ (٢٨ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری سنە دەستبەسەر کرا. سروە پوورمحەممەدی، ئەندامەکەی تری ئەنجومەنی نۆژین، ڕۆژی ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١ (٢٩ی ژانڤییەی ٢٠٢٣) لە کاتی بەدواداچووندا بۆ چارەنووسی ژمارەیەک لە ئەندامانی دەستبەسەرکراوی ئەنجومەنی نۆژین لە دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەدا، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

ئیدریس مینبەری ڕۆژی ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١ (٢٩ی ژانڤییەی ٢٠٢٣) و سروە پوورمحەممەدییش ڕۆژی ٢٤ی ڕێبەندان (١٣ی فێبرییە) دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی سنە ئازاد کران.