دیوانی باڵای ئێران سزای ١٦ مانگ بەندکرانی عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاری و زیندانیی سیاسیی پێشووی پەسەند کردووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە بانگهێشتنامەیەکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە ٨ی گەڵاڕێزان (٣٠ی ئۆکتۆبەر) لە لایەن لقی دووی ئیجرای ئەحکامی کەیفەریی دادسەرای گشتی و شۆڕشی سەقزەوە بۆ عوسمان ئیسماعیلی نێردراوە، ئەم چالاکە کرێکارییە لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا لە کاتی تۆمارکردنی بانگهێشتنامەکەوە لە سیستەمی ئەلەکترۆنیی دەزگای دادوەریدا، دەبێ بۆ جێبەجێکردنی سزاکە خۆی ڕادەستی بەشی ئیجرای ئەحکامی دادگا بکات.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم چالاکە کرێکارییە ڕۆژی ٢٨ی جۆزەردان (١٨ی ژوەن) لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سەقز بە سەرۆکایەتیی دادوەر جەواد موستەفایی بەڕێوە چوو و لە سەرەتای خەرماناندا (کۆتایی ئاگۆست) سزای ٣٩ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

بەپێی حوکمەکە، عوسمان ئیسماعیلی بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە کۆمەڵە-ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا، سزای ٣١ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکران و بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» لە ڕێگای بەشداریکردنەوە لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ژینا ئەمینیدا، سزای ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.

ئەم چالاکە کرێکارییە بە بڵاوکردنەوەی بەشێک لە دادنامەکە لە لاپەڕەی فەیسبوکەکەی خۆیدا ڕایگەیاندبوو کە سزاکە گۆڕدراوە بۆ ١٦ مانگ بەندکران: «دادگا بە سەرنجدان بە هەبوونی هۆکارەکانی دابەزاندنی سزاکان لە مادەی ٣٨ی یاسای سزادانی ئیسلامیدا پەسەندکراوی ساڵی ١٣٩٢، لەوانە بارودۆخی تەمەنی ئاغای ئیسماعیلی و خێزانداربوون، بە گەڕانەوە بۆ ئەو مادەیە و هەروەها بۆ مادەی ٦ی یاسای کەمکردنەوەی سزای بەندکران پەسەندکراوی ساڵی ١٣٩٩، پەیوەست بە مادەی ٣٧ی یاسای سزادانی ئیسلامییەوە پەسەندکراوی ساڵی ١٣٩٢، گەورەترین سزای بەندکرانی ناوبراو کەم دەکاتەوە بۆ ١٦ مانگ بەندکران بە حسێبکردنی ماوەی دەستبەسەربوونەکەیەوە».

عوسمان ئیسماعیلی لە ڕێکەوتی ١٩ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا (٨ی فێبرییەی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سەقز دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە. ئەم چالاکە کرێکارییە دوای ٧٠ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندانی سەقز ئازاد کرا.

عوسمان ئیسماعیلی لە ناسراوترین چالاکانی کرێکاریی کوردستانە کە چەندین جار بە هۆی پشتیوانکردنەوە لە مافەکانی کرێکاران و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە سەقزدا، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و زیندانی کراوە.