مامۆستا ئیبراهیم سەلیمی، بەرنوێژی مزگەوتی «چوار یاری نەبی»ی پیرانشار، لە لایەن دادگای تایبەتی مەلاکانی ورمێوە بە گشتی سزای سێ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم حوکمە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەم مامۆستا ئایینییە کوردە ڕاگەیەنراوە. بەپێی حوکمەکە، مامۆستا ئیبراهیم سەلیمی بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» و «شێواندنی ڕای گشتی» سزای سێ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

ئەم مامۆستا کوردە لە ڕێکەوتی ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠١دا (٣١ی ژانڤییەی ٢٠٢٣) بە هۆی واژۆکردنی بەیاننامەی مامۆستایانی ئایینیی کوردەوە بۆ پشتیوانیکردن لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، لە لایەن بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشارەوە بانگهێشت و دەستبەسەر کرا. ئەم مامۆستایە دوای دەستبەسەرکران گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ و پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرا.

مامۆستا ئیبراهیم سەلیمی کە لە کاتی دەستبەسەربووندا لە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەری یاسایی و دیداری بنەماڵە بێبەش کرابوو، ڕۆژی ١ی ڕەشەمە (٢٠ی فێبرییە) بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.