شەش هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی خۆشناو عەینی، پیرۆت تابناک، موحسین عەزیزی، یەعقووب مەحموودی ئازەر، بەهمەن مەحموودی ئازەر و یووسف ڕەحمانی بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران ڕەوانەی زیندانی ئەم شارە کران.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٠ی بەفرانبار (٣١ی دیسامبەر) خۆشناو عەینی، هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٢ ساڵ بەندکران ڕەوانەی زیندانی ئەم شارە کراوە.

هەروەها ڕۆژی ڕابردوو ٩ی بەفرانبار (٣٠ی دیسامبەر) ٥ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی پیرۆت تابناک، موحسین عەزیزی، یەعقووب مەحموودی ئازەر، بەهمەن مەحموودی ئازەر و یووسف ڕەحمانی بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران لە ٢ تا ٧ ساڵەوە ڕەوانەی زیندانی شنۆ کراون.

خۆشناو عەینی ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠١ (١٣ی جولایی ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شنۆ دەستبەسەر کرا و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان، لە ڕێکەوتی ٢ی گەلاوێژدا (٢٤ی جولای) بە بارمتە ئازاد کرا. ئەم هاووڵاتییە لە سەرماوەزی ئەمساڵدا (دیسامبەری ٢٠٢٣) لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی شنۆوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

یەعقووب مەحموودی ئازەر و بەهمەن مەحموودی ئازەریش ڕۆژی ٦ی پووشپەڕی ١٤٠١ (٢٧ی ژوەنی ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شنۆ دەستبەسەر کران و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان، بە ڕیز لە ڕۆژانی ١٣ و ٢٧ی گەلاوێژدا (٤ و ١٨ی ئاگۆست) بە بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کران. هەروەها موحسین عەزیزی، یووسف ڕەحمانی و پیرۆت تابناک ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠١ (١٣ی جولایی ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شنۆ دەستبەسەر کران و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان، لە ڕۆژانی ٢، ٢٦ و ٢٧ی گەلاوێژدا (٢٤ی جولای، ١٧ و ١٨ی ئاگۆست) بە بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئەم شارە ئازاد کران.

ئەم ٥ هاووڵاتییە لە سەرماوەزی ئەمساڵدا (دیسامبەری ٢٠٢٢) لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی شنۆوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوون یان هاوکاریکردنەوە لەگەڵ حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپا. بەپێی حوکمەکە، پیرۆت تابناک و موحسین عەزیزی هەرکامە سزای ٢ ساڵ بەندکران، یووسف ڕەحمانی سزای ٢ ساڵ و ٥ مانگ و یەعقووب مەحموودی ئازەر و بەهمەن مەحموودی ئازەریش هەرکامە سزای ٧ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپا.