دیوانی باڵایی ئێران بڕیاری لە سێدارەدانی ئەرسەلان خودكامی پەسەندكرد، كە لە زیندانی ناوەندی ورمێیەو پێشتر لەلایەن لقی دادگای نیزامی ورمێ بە تاوانی سیخوڕی بۆ یەكێك لە حیزبە كوردییەكانی دژ بە ڕژێم حوكمی سێدارەی بۆ بڕابووەوە.

لە پەیوەندی ئەم باسەدا سەرچاوەیەكی ئاگادار، بە دۆسییه‌كه‌ی بە تۆری مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانی وت، ئەرسەلان خودكام پێشتر یەكێك لە ئەندامانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بووەو كە دواتر بە وەرگرتنی پارێزداری گەڕاوەتەوە بۆ ئێران‌و لە ساڵی ۱۳٨۱دا پەیوەست بە هێزی سپای پاسداران بووە، بەڵام لە ڕۆژی ۲۰گوڵانی ئەمساڵدا بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ حیزبی دیموكرات لە بنكەی ۱٨ی ڕەمەزانی ئەو دەزگایەدا دەستبەسەر كراوەو بۆ ماوەی ۳٦ ڕۆژ لێپرسینەوەی لێ كراوە.
دوای تەواو بوونی لێپرسینەوەكە پەروەندی زیندانیان بۆ لقی ۳۲ی دادسەرای نیزامی لە ورمێ ناردووە، دواتر بۆ سازكردنی پەروەندەو پێڕاگەیاندنی تاوانەكەی، پەروەندەكەی بۆ حوكمدان دراوە بە له‌قی یه‌كی دادگای نیزامی ورمێ.
سەرچاوەكە سەبارەت بە ڕەوتی دادگای ناوبراو وتی، دادگایی ناوبراو لە ۲۳پووشپەڕ بەبێ ئەوەی كە پارێزەری هەبێت لە لقی یه‌كی دادگای نیزامی ورمێ بەڕێوەچوو، هەر لەو ڕۆژەشدا ئەرسەلان خودكام بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ حیزبی دیموكراتی كوردستان حوكمی لەسێدارەدانی بۆ بڕایەوە.
بە وتەی سەرچاوەكە، دوای ناڕەزایەتی ناوبراو بە حوكمەكەی پەروەندەكەی بۆ تاوتوێكردنی دووبارەی حوكمەكە نێردراوە بۆ لقی ۳۲ی دیوانی باڵایی ئێران، بەڵام بێ هیچ گۆڕانكارییەك حوكمەكەی پەسەند كراوە.
لەو ماوەیەدا ناوبراو لەسەرەتادا بۆ بەندیی نیزامی زیندانیانی ورمێ گواستراوەتەوە، بەڵام بە هۆی بە شەڕهاتن لەگەڵ چەند زیندانییەكی دیكە، ناوبراویان ناردە بەندی ۳-٤، دوای چەند ڕۆژی دیكە بۆ بەندی ۱۲ی زیندانیانی سیاسی ورمێ گواستراوەتەوە.
ئەرسەلان خودكام تەمەنی ٥۲ ساڵە، خێزاندارەو خەڵكی شاری مەهابادە، پێشتر لە دەیەی ۷۰ی هەتاوی بۆ ماوەی چەند ساڵێك ئەندامی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بووەو دواتر بە پارێزراوی گەڕاوەتەوە بۆ مەهاباد‌و لە ساڵی ٨۱دا بووە بە ئەندامی سوپای پاسداران.