تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، ٧ی پووشپەڕی ٢٧١٩: نیوەڕۆی دوێنێ حەمید رەحیمی، زیندانی سیاسی کورد لە زیندانی ناوەندی ورمێ پاش کۆتایی هاتنی حوكمه‌كه‌ی، لە زیندان ئازاد كرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە لە ماوەی ١٣ مانگ لە زیندان مافی ئەوەی لێ زەوت کرابوو کە مەرەخەسی و ئازادیی بە مەرجی هەبێ. هەروەها لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ڕابردووش تووشی تووندوتیژی و لێدان لە لایەن کاسانێکی دی لە زیندان بووبوو کە ناڕەزایەتی و مانگرتنی چەندین رۆژە زیندانیان سیاسی لێکەوتەوە.

ناوبراو خەڵکی پارێزگای ورمێ_یە و مانگی جۆزەردانی ساڵی پار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ورمێ دەستبەسەر کرا و بو ماوەی ١٥ رۆژ لە ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای ورمێ ڕاگیرابوو و لێپرسینە و لێکۆڵینەوەیان لێ کردبوون. وی لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو بە تاوانی پێوەندی لەگەڵ یەکێک لە پاڕتە کوردییەکان لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێ ١٨ مانگ زیندانی تەعزیریی لەسەری داسەپا. ئەو حوکمە پاش ناردنی بۆ لقی ١٣ی دادگای پێداچوونەوە بۆ ١٣ مانگ كه‌مكرایه‌وه‌.