ڕۆژی ڕابردوو توورەج ئیسماعیلی، زیندانی سیاسی کورد، بەندکراو لە بەندی زیندانییە سیاسییەکانی زیندانی ناوەندی شاری ورمێ دوای ئەوەی کە خولی بەندگرتنی کۆتایی پێ هات لە گرتووخانە ئازاد کرا.

بەپێی ئەو هەواڵەی بەدەستی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە رۆژی  ۱۳ی ئه‌م مانگه‌، ناوبراو دوای ٤٥ مانگ بەندکردنی لە زیندانی ناوەندی ورمێ ئازاد کرا، وی لەو ماوەیەدا لە مافی وەرگرتنی مۆڵەت، مەرەخەسی و ئازادی بە مەرج بێبەش بووە.

ئەو هاووڵاتییە خەڵکی شاری ورمێ_یە و لە ڕێکەوتی ۷ی خەزەڵوەری ساڵی ۹۴ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و بۆ ماوەی یەک مانگ لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ لێپرسینەوەیان لێ کردبوون.

پاش ئەوەی خۆلی لێپرسینەوەی کۆتایی پێ هات بۆ زیندانی ناوەندی شاری ورمێ گوێسترایەوە. پاشان، لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتی قازی “شێخلوو” ناوبراوی بە تاوانی حەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی مەحکووم کرد. بەم بۆنەوە پێنج ساڵ زیندانی لەسەر داسەپا. ئەو سزایە بە هۆی ئەوەی داوای پێداچوونەوەی لە سەر تۆمار نەکرابوو بەپێی یاسای سزا بۆ ۳ ساڵ و ۹مانگ دابەزێندرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە لە ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو بە هۆی بەشداریکردن لە مانگرتن و نارەزایەتی دەربڕین دژ بە لێدانی زیندانیانییە سیاسییەکان، هاوتەک چوار زیندانی سیاسی تر دۆسییەکی نوێیان بۆ ساز کرا، بەڵام دواتر لە پووشپەڕی ئەمساڵ ئەو تۆمەتەیان لەسەر لابردرا