“بەشیر پیرماوانە” و”ڕەحمی تورگوت” دوو زیندانی سیاسی کورد لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ بۆ نارەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە ڕەتکردنی داواکارییەکانییان کە ئاراستەی دادگایان کردبوو دەستییان بە مانگرتن کردووە. دوای ئەوەی کە ناوبراوان داوای ئازادی بە مەرجییان کردبوو، ئەو داواکارییە لە لایەن بەرپرسانی دادگاوە ڕەت کرابووەوە، بەم بۆنەوە و دژ بەو بڕیارە مانییان لە خواردن گرتووە.

سەرچاوەیێکی ئاگادار لە دۆسیەی ئەو دوو گیراوە سیاسیە لەگەڵ پشتڕاست کردنەوەی هەواڵی مانگرتنی ئەو دوو زیندانییە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: “ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتی ۳۱ی پووشپەڕ، “بەشیر پیرماکانە” و “رەحمی تورگوت” بە نووسینی نامەیێک بە شێوەی فەرمی مانگرتنی خۆیان لە خواردن ڕاگەیاند.

ئەو سەرچاوەیە لە بارەی هۆکاری مانگرتنی ئەو دوو زیندانییە سیاسیە دەشڵێت “ڕەحمی تورگوت، هاوڵاتی کوردی تورکیا کە لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ۱۳۹۶ پاش سەفەرێک یاسایی بۆ ورمێ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەو دەسبەسەر کرا و بە تاوانی هاوکاریکردن لەگەڵ پاڕتێکی ئۆپۆزیسۆنی کورد پێنج ساڵ زیندانی لەسەر داسەپا، ڕەحمی تورگوت داوای ئازادی بەمەرج یان گواستنەوەی بۆ زیندانێکی تورکیای کردووە. بەشیر پیرماوانەش وەرزی ڕەشەمەی ساڵی ۱۳۹۵ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری ورمێ دەستبەسەر کرا و بە تاوانی هاوکاریکردن لەگەڵ یەکێ لە پاڕتە ئۆپۆزیسۆنەکانی کورد پێنج ساڵ زیندانی بۆ بڕیار درا. ئەو سزایە پاشان بە پێی “یاسای تەسلیم بە سزا” بۆ چوار ساڵ دابەزێنرا. ئەو زیندانییە سیاسیەش دوای تێپەڕ کردنی نیوەی سزاکەی داوای ئازادی بەمەرجی کردبوو کە لە لایەن بەرپرسانی دادگاوە ڕەت کرابوو، بەم بۆمەوە دەستی بە مانگرتن کردووە