سەر لە بەیانی ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ۱ی مانگی گەلاوێژ “ئاڕاستە رەنجبەر” و “نازدار وەتەنخا” لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ لە سێدارە دران.

بەگوێرەی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ئەو دوو زیندانییە، رۆژی دووشەممە بۆ بەڕێوەچوونی بڕیاری لە سێدارەدانیان لە به‌شی ژنانەوە گواسترابوونەوە بۆ ژووری تاکەکەسی و سەر لە بەیانی رۆژی سێشەممە بە هاتنی کەسوکاری کوژراوەکان حوکمی لە سێدارە دانییان بەڕێوە چوو.

حەوتەی ڕابردوو تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان هەواڵی ئەگەر و نزیکبوونی لە سێدارەدانی ئەو دوو زیندانییە بڵاو کردبووەوە.

مستەفا حەبیبی، “دادستانی ورمێ” لە وتووێژێک لەگەڵ کاناڵێکی شاری ورمێ بە پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە رایگەیاندبوو کە ئەو زیندانیییانە لە دۆسییەیێکی هاوبەشدا دەوروبەر ۱٥ ساڵ لەوەوپێش بە تاوانی کوشتنی بە ئانقەست بە “قەساس” سزا درابوون و ئەگەر چی جەماوەرێکی زۆر و دامەزراوە مەدەنییەکان حەولی وەرگرتنی ڕەزایەتییان لە بنەماڵەی کوژراوەکە دا بەڵام لە کۆتاییدا بە پێداگری بنەماڵەی کوژراو بڕیاری لەسێدارەدان بەڕێوە چوو.