بەشیر پیرماوانە یەکێک لە پێنج زیندانی سیاسی و مەزھەبی کورد کە لە یەک مانگ لەمەوبەرەوە لە زیندانی ناوەندی ورمێ دەستی دابووە مانگرتن ئەمڕۆ کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا، بەڵام هێشتا چوار زیندانی دیکە هەروا لە مانگرتن بەردەوامن.
بە پێی هەوالێک کە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، رۆژی رابردوو بەرپرسانی زیندانی ورمێ بەشیر پیرماوانەیان بانگهێشتی نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکان کردووە و پێیانڕاگەیاندووە کە داواکارییەکانی جێبەجێ دەکرێت و سەرجەم داخوازییەکانی بۆ دادوەری گشتی بەڕێکراون.
ئەو زیندانییە سیاسیە کە نیوەی زیاتری سزاکەی تێپەڕاندووە، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە وەپشت گوێ خستتی داواکارییەکانی لە ۳۱ی پووشپەرەوە دەستی دابووە مانگرتن. بەشیر ماوانە خوازیاری ئازادکردنی بە مەرجییەتی لە زیندان.

هەڕەشە لە مستەفا سەبزی کرا و گەڕێنرایەوە بۆ بەندی زیندان

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسی زیندانی ورمێ لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا هەڕەشەی لە مستەفا سەبزی زیندانی سیاسی کورد کردووە و پێی گوتووە، ئەگەر کۆتایی بە مانگرتنی نەهێنێت ئەوا بۆ شارێکی دوورەدەست دووردەخرێتەوە.
بە پێی هەواڵەکان، مستەفا سەبزی ئەمڕۆ بۆ ناو بەند گەڕێنرایەوە. ئەو زیندانییە سیاسییەی کورد لە رۆژی یەکی گەلاوێژەوە مانی لە خواردن گرتووە و داوا دەکات بگوازرێتەوە بۆ زیندانی ماکۆ واتە شوێنی نیشتەجێ بوونی. تا ئێستا بەرپرسانی زیندان خۆ دەبوێرن لە جێبەجێکردنی داواکارییەکەی و هەر بۆیە بەردەوامە لە مانگرتن.
مستەفا سەبزی ۲۴ساڵ، هاووڵاتی کورد و خەڵکی شاری ماکۆ ساڵی۹۳ی هەتاوی لە یەکێک لە گوندەکانی شاری ورمێ لەلایەن هێزەکانی سپای پاسداران دەستبەسەر و بۆ ماوەی دوو مانگ لە ده‌سبه‌سه‌رگه‌ی ئه‌و رێکخراوه‌ ئه‌منییه‌تییه‌ له‌ ژێر فشاری لێپێچینەوەدا بووە.
رەنجی ئەو زیندانییە سیاسییە هەر بەوە کۆتایی پێ نایەت و پاش تەواو بوونی خولی لێپرسینەوە، گواستراوەتەوە بۆ زیندانی ورمێ و دوای چەند مانگ لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی ئەندام بوون لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) ١٥ ساڵ زیندانی بە سەردا سەپاوە و ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەی ورمێه‌وە وەک خۆی پشتڕاست کراوەتەوە.

قادر سەلیمی و رەحمی توڕگوت لە پێ کەوتن

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی قادر سەلیمی و رەحمی تۆڕگۆت دوو زیندانی سیاسی دیکە کە لە 28 رۆژ لەمەوبەرەوە مانیان لە خواردن گرتووە، بە هۆی دابەزینی فشاری خوێن و لاوازیی جەستەییان لە پێ کەوتوون و توانای رێکردنیان نەماوە.
پێشتر سەرچاوەیەکەیی ئاگادار لە باروودۆخی ئەو دوو زیندانییە بە تۆڕی مافەکامی مرۆڤی کوردستانی گوتبوو، بە هۆی لاوازی جەستەییانەوە توانایی جوڵانەوەیان نەماوە و بەردەوام لەسەر تەختەکانیان کەوتوون، جگە لەو کاتانەی بە یارمەتی هاوڕێکانیان دەچنە نەخۆشخانەکەی زیندان.
قادر سەلیمی، رەحمی تورگوت وێڕای مستەفا سەبزی لە رۆژی یەکی گەلاوێژەوە بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە پشت گوێ خستنی داواکارییەکانیان لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە دەستیان داوەتە مانگرتن. ئەوان خوازیاری ئەوەن بۆ شوێنی نیشتەجێ بوونیان بگوازرێنەوە و بە مەرج لە زیندان ئازاد بکرێن.
لە هەمان کاتدا کامڕان دەروێشی زیندانییەکی دیکەی سیاسی کورد کە لە رۆژی ۲۴ی گەلاوێژ /15.08.2019 لێوی خۆی دووریوەتەوە و لە مانگرتنی وشکدایە.
پێشتر پزیشکی یاسایی ورمێ بە نوسینی نامەیەک، بە بەرپرسانی زیندانی ورمێی راگەیاندبوو کە ئەو زیندانییە سیاسیە توانای ئەوەی نەماوە لە زینداندا بمێنێتەوە، بەڵام بەرپرسانی زیندان هیچ بایەخێکیان بەمەش نەداوە.
کامڕان دەروێشی لە کۆی پێنج سال حوکمی زیندان، زیاتر له‌ سێ ساڵی تەواو کردووە و بە گوێرەی بەڵگە پزیشکییەکان بواری تەندروستی جێگیر نییە. هەر بۆیە خوازیاری ئەوەیە دەستبەجێ ئازاد بکرێت.
کامڕان دەروێشی، هاووڵاتی کوردی دانیشتووی شاری ورمێ ۱۳ی گوڵانی۱۳۹۵ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری ورمێ دەستبەسەر کراوە و بۆ ماوەی دوو مانگ لە ده‌سبه‌سه‌رگه‌ی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە لە ژیر لێپرسینەوەدا بووە.
ئەو هاووڵاتییە کوردە خەزەڵوەری ئەمساڵ لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێوە بە سەرۆکایەتی قازی شێخلو بە تۆمەتی هاوکاریکردن لەگەل حیزبە کوردستانییەکان بە پێنج ساڵ زیندان مەحکوم کرا.