یوسف کاکەمەمی رۆژی سێی خەرمانان ۱۳۹۸ی هەتاوی/ ۲۰۱۹.۰۸.۲۵ پاش ۱۲ ساڵ به‌ندكران لە زیندانی ناوەندی تەورێز ئازاد کرا.
بە پێی هەواڵێک کە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەو زیندانییە سیاسییەی کورد ماوەی ئەو ۱۲ ساڵە بە بێ تاقە یەک رۆژ مۆڵەتی مورەخەسی لە زیندانەکانی مهاباد، ورمێ و تەورێز دەستبەسەر بووە. یوسف کاکەمەمی لەو ماوەیەی لە زیندانی ورمێ دەستبەسەر کرابوو، چەندین جار دۆسییەی نوێی لەلایەن دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات و سپای پاسدارانەوە بۆ دروستکرابوو و کەوتبووە بەر ئەشکەنجە و ئازارەوە.
یوسف کاکەمەمی یەکەمین جار لە پاییزی ساڵی ۱۳۸۵ی هەتاوی/ ۲۰۰۶ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری بۆکانەوە دەستبەسەر و پاشان بە دانانی بارمتەی ۳۰۰ میلیۆنی لە زیندان ئازاد کرا.
ئەو چالاکە سیاسییە لە رێبەندانی هەمان ساڵدا، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامی مهابادەوە بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی بە دوو ساڵ زیندانی تەعلیقی و ساڵێک زیندان تەعزیری مەحکووم کرا.
یوسف کاکەمەمی بۆ جاری دووهەم لە رۆژی دووی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی/ ٢٠٠٧.١٠.٢٤ وێڕای چالاکێکی دیکەی خەڵکی سەڵماس بە ناوی ئەحمەد تەموئی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە نزیک شاری بۆکان دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی دوو مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ورمێ و ئیدارەی ئیتلاعاتی مهابادەوە کەوتە بەر ئەشکەنجە و لێپێچینەوە.
ئەو زیندانییە سیاسییە پاش کۆتایی هاتنی خولی لێپێچینەوە بۆ زیندانی مهاباد گواسترایەوە و لە رێبەندانی هەمان ساڵدا لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامییەوە بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە رێگای هاوکاریکردن لەگەل پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بە شەش ساڵ زیندان مەحکوم کرا و لە هاوینی ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوی/ ٢٠٠٨ بۆ زیندانی ناوەندی ورمێ دوورخرایەوە.
یوسف کاکەمەمی پاش مانگرتنە ٣٣ رۆژەکەی زیندانیانی سیاسی زیندانی ناوەندی ورمێ، لە خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی/ ٢٠١٤.١٠ لەو زیندانەوە گواسترایەوە بۆ دەستبەسەرگەی سپای پاسداران و پاش هەشت رۆژ ئەشکەنجەیەکی زۆری جەستەیی و رۆحی جارێکی دیکە گواسترایه‌وه‌ بۆ زیندانی ناوه‌ندی ورمێ.
هەر لە درێژی فشارەکان بۆ سەر ئەو زیندانییە سیاسییەی کورد، لە رێکەوتی ٢٤ خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی/ ٢٠١٥.٠٣ بۆ لقی شەشی دادگای شۆڕشی ئیسلامی گواسترایەوە و دۆسیەیەکی نوێی بۆ کرایەوە. لەو دۆسیەیەدا تۆمەتەی کاکەمەمی پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی راگەێنرا.
پاش بەڕێوەچوونی سێهەمین دانیشتی لێپرسینەوە، تۆمەتی یوسف کاکەمەمی لە پڕوپاگەندە دژ بە کۆماری ئیسلامی گۆڕا بۆ هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی.
لە رێبەندانی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی/ ٢٠١٥.١٢ بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە رێی ناردنی نامە بۆ نوسینگەی هەواڵنێری تایبەتی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە پێنج ساڵ زیندان مەحکوم کرا. ئەم حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا بۆ سێ ساڵ کەم کرایەوە.
سەرەنجام یوسف کاکەمەمی لە رێکەوتی ٣٠ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی/ ٢٠١٧.٠٤.١٩ لەلایەن بەرپرسانی زیندانی ورمێوە و بە فەرمانی ئیدارەی ئیتلاعات، گواسترایەوە بۆ زنیدانی ناوەندی ورمێ. ئەوە لە کاتێکدا بوو کە حوکمی دوورخرانەوەی بە رەسمی لە دادگا بەسەردا نەسەپابوو.