بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتیی سێ هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی ڕەوف شێخ‌مەعرووفی، کامران سوڵتانی و محەممەد فەرەجی کە لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لەم شارەدا دەستبەسەر کرابوون و تۆمەتی «افساد فی‌الارض»یان ڕووبەڕوو کراوەتەوە، لە لایەن دادسەرای گشتی و شۆڕشی بۆکانەوە بۆ ماوەی دوو مانگی تر درێژ کرایەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا یەک لە لقەکانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی بۆکان بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتیی ئەم سێ هاووڵاتییەی بۆ ماوەی ٢ مانگی دیکە درێژ کردووەتەوە.

ڕەوف شێخ‌مەعرووفی، کامران سوڵتانی و محەممەد فەرەجی لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا و بە ڕیز لە ڕۆژانی ٥ی بەفرانبار، ٣ و ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠١ (٢٦ی دیسامبەری ٢٠٢٢ و ٢٢ و ٢٧ی فێبرییەی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ.

ئەم هاووڵاتیانە لە ژوورە تاکەکەسییەکانی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ و قبووڵکردنی تۆمەتی «بەشداریکردن لە کوشتنی ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکاندا» لە بۆکان خرانە ژێر ئەشکەنجە و گوشاری دەروونییەوە. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو گوشارانە، هەرسێکیان تۆمەتەکەیان ڕەت کردووەتەوە.

ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە لە ڕێکەوتی ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٢دا (١٠ی ژوەنی ٢٠٢٣) پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان گوازرانەوە بۆ زیندانی بۆکان و تا ئێستا بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە لەم زیندانەدان. ئەمە لە کاتێکدایە کە هەرسێکیان لە ساتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا لە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەری هەڵبژێردراوی خۆیان بێبەش بوون و پێیان ڕاگەیەنراوە کە خودی دادگا پارێزەری بۆ دیاری کردوون.

ڕووبەڕووکردنەوەی تۆمەتی «افساد فی‌الارض» بووەتە مایەی پەرسەندنی نیگەرانییەکان لە ئاست مەترسیی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر ئەم سێ هاووڵاتییە کوردەدا. بەپێی مادەی ٢٨٦ی یاسای سزادانی ئیسلامی، «هەرکەس لە ئاستێکی بەربڵاودا تووشی تاوانی دژ بە کۆی جەستەی هاووڵاتیان، تاوانی دژ بە ئاسایشی ناوخۆ یان دەرەکیی وڵات، بڵاوکردنەوەی بابەتی درۆ، تێکدانی سیستەمی ئابووریی وڵات، ئاگرتێبەردان، شێواندن و.. بێت، بە مفسد فی‌الارض لە قەڵەم دەدرێت».