نایب عەسکەری، زیندانیی سیاسیی مەحکووم بە لەسێدارەدان کە ڕۆژی چوارشەممە ٨ی خاکەلێوە (٢٧ی مارس) بە دەستووری بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی ورمێ و بە مەبەستی سزادان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو، گەڕێنرایەوە بۆ ناو بەند.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ٨ی خاکەلێوە (٢٧ی مارس) ئەم زیندانییە سیاسییە دوای دەمەقاڵە لەگەڵ پاسەوانەکانی زینداندا و بە فەرمانی سەرۆکی زیندانی ورمێ، بە مەبەستی سزادان گوازرایەوە بۆ ژووری تاکەکەسی و ڕۆژی ڕابردوو سەرلەنوێ گەڕێنرایەوە بۆ ناو بەندەکەی خۆی.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە چەند مانگی ڕابردوودا و بە دەستووری بەرپرسانی زیندان لە بەندی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبییەوە گوازراوەتەوە بۆ بەندی زیندانیانی تاوانە ئاساییەکان.

نایب عەسکەری لە ڕەزبەری ١٤٠٢دا (ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو.

نایب عەسکەری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ورمێ، لە ڕێکەوتی ٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٠دا (٢٤ی مارسی ٢٠٢١) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ورمێوە لەم شارەدا دەستبەسەر کرا و دوای ٣ مانگ مانەوە لە دەستبەسەرگەی ئەم دامەزراوە ئەمنییەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرایە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونییەوە و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرا. ئەم هاووڵاتییە کوردە بە درێژایی ئەو ماوەیە لە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەر بێبەش کرابوو.

نایب عەسکەری لە کاتێکدا دەستبەسەر کرا کە لە چەند ساڵ پێش دەستبەسەرکردنەوە نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بوو و دوای هەماهەنگیکردنی ئەندامێکی سوپای پاسداران بە ناوی حسەین خۆشمەرام لەگەڵ دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداراندا، بە وەرگرتنی «ئەماننامە» گەڕایەوە بۆ ئێران.

دوای ئەوەی کە دەستبەسەر کرا، دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران پێی ڕاگەیاند کە ساڵی ١٣٩٧ (٢٠١٨) لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە شێوەی غیابی و بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگەی ئەندامبوونەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) سزای لەسێدارەدانی بۆ دەر چووە. دوای تانەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە لە حوکمی لەسێدارەدانی غیابی، حوکمەکە هەڵوەشایەوە و دۆسیەکە نێردرایە بەردەم لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ.

نایب عەسکەری لە گەلاوێژی ١٤٠٠دا (ئاگۆستی ٢٠٢١) دوابەدوای تێکهەڵچوونێک لە نێوان چەند زیندانییەکی سیاسی و بەندکراوانی تاوانە ئاساییەکاندا، لەسەر سکاڵای سەرۆکی زیندانی ورمێ و لەگەڵ دوو زیندانیی سیاسیی کوردی تردا بە ناوەکانی کەیهان موکەڕەم و نایب حاجیزادە، بە تۆمەتی «تێکدانی دۆخی زیندان» هەرکامە حوکمی ٥٠ قامچی و ٣ مانگ زیندانیان بەسەردا سەپا. ئەم دۆسیەسازییە دوابەدوای پەلاماردان و لێدانی زیندانییەکی سیاسیی کورد لە لایەن بەندکراوانی تاوانە ئاساییەکانەوە ڕووی دابوو.

ئەم زیندانییە سیاسییە هەروەها لە ڕێکەوتی ٤ی گەلاوێژی ١٤٠٠دا (٢٦ی جولایی ٢٠٢١) وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست دەرنەکردنی مۆڵەتی یاساییدا بە مەبەستی هەناردنی بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان و ئەنجامدانی تاقیکاریی پێویست، بۆ ماوەی ٣٢ ڕۆژ مانی لە خواردن گرت.

نایب عەسکەری لە سەرەتای پووشپەڕی ١٤٠٢دا (کۆتایی ژوەنی ٢٠٢٣) بە فەرمانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ لە بەندی زیندانیانی سیاسییەوە گوازرایەوە بۆ بەندی ٣ کە بەندی ئەو زیندانیانەیە کە هێشتا چارەنووسیان دیاری نەکراوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە ساڵی ١٤٠٢دا (٢٠٢٣-٢٠٢٤) سەرەڕای ئەوەی مافی وەرگرتنی پارێزەری لێ زەوت کرابوو، ٦ جار برایە بەردەم لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ، بەڵام لەبەر ئامادەنەبوونی دادوەر تەنها ٤ جار کۆبوونەوەی دادگا بەڕێوە چوو.

دوایین کۆبوونەوەی دادگا لە ڕێکەوتی ٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢دا (٢٧ی سێپتامبەری ٢٠٢٣) بەڕێوە چوو و ڕۆژی ٢٤ی ڕەزبەر (١٦ی ئۆکتۆبەر) بە شێوەی نووسراو لە زینداندا پێی ڕاگەیەنرا کە بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە. ئەم زیندانییە سیاسییە لە هەمان مانگدا و وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست سەپاندنی ئەم سزایەدا، دیسان بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک مانی لە خواردن گرت.

دەوترێت دۆسیەیەکی دیکە بۆ ئەم زیندانییە سیاسیە لە یەکێک لە لقەکانی دادگای کەیفەریی ورمێدا بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە کوشتن»ی موستەفا سوڵتانیدا، لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران، کراوەتەوە. موستەفا سوڵتانی لە فەرماندە کوردەکانی سوپای پاسدارانی ورمێ بوو کە ساڵی ١٣٩٣ (٢٠١٤) لە تێکهەڵچوونێکدا لەگەڵ ئەندامانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا بە سەختی بریندار بوو و لە ڕەشەمەی ١٣٩٩دا (مارسی ٢٠٢١) دوای تووشبوونی بە کۆڤیدی ١٩ گیانی لە دەست دا. بنەماڵەی ئەم فەرماندەیەی سوپای پاسداران بە هاوکاریی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، داوایەکی یاساییان دژ بەم زیندانییە سیاسییە تۆمار کردووە و ڕایانگەیاندووە کە لەو تێکهەڵچوونەدا کە موستەفا سوڵتانی بریندار بووە، نایب عەسکەرییش بەشداریی هەبووە و ناوبراو بە هۆی لێکەوتەی برینەکانی ئەو تێکهەڵچوونەوە گیانی لە دەست داوە.