عەلی بەدرخانی نووسەری کورد لە به‌ندی کرێکاری زیندانی ورمێدا لە مافە سەرەتاییەکانی پێراگەیشنی پزیشکی، مافی مورەخەسی و ئازادی بە مەرج، بێ بەش کرا.
سەرچاوەیەکی نزیک لەم نوسەرە کوردە لە وتوێژێکدا لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئەوەی خستەڕو کە دۆخی تەندروستی عەلی بەدرخانی نالەبارە و راشیگەیاند: “ئەو زیاتر لە ١٥ مانگە توشی نەخۆشی گورچیلە بووە، بەڵام بەرپرسانی زیندان هیچ بایەخێک بەم مەسەلە نادەن و ئەو نووسەرەی کورد هەروا لە بەندی کرێکاریدایە و ئەو بەندەی زیندانیش مەرجە سەرەتاییەکانی تەندروستی نییە.”
بە پێی وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە کە نەویست ناوی ئاشکرا بکرێت، عەلی بەدرخانی ساڵی رابردوو پاش ئەوەی گواسترایەوە بۆ بەندی کرێکاری، دوو جار کەوتە بەرهێرشی چەند به‌ندكراوێكی دیکەوە کە ئەمەش بە هۆی هاندانی مێهرعەلی فەرهەنگ بەرپرسی ئەو بەندەوە بوو.
مێهرعەلی فەرهەنگ پێشتر بەرپرسی بەندی به‌ندكراوانی سیاسی بووە. دەگوترێت لە ساڵانی رابردوودا بە هاوکاریی نوسینگەی تایبەتی ئیدارەی ئیتلاعات لە زیندانی ورمێ، راستەوخۆ لە کردنەوەی دۆسییەی نوێ و زه‌خت  بۆ سه‌ر زیندانیانی سیاسی دەستی بووە.
بەندی کرێکاری زیندانی ورمێ جیا لە بەندەکانی دیکە و لە حەوشەی زیندانەکەدا هەڵکەوتووە و مەرجە سەرەتاییەکانی تەندروستی نییە. ئەم بەندە بە زۆری شوێنی ئەو به‌ندكراوانه‌ی کە بە تۆمەتەکانی پەیوەست بە مادە سڕکەرەکان سزای قورس دەدرێن. زیندانیانی ئەم بەندە هەر دوو هەفتە جارێک بۆ ماڵەوە بەڕێدەکرێنەوە و مورەخەسیان پێ دەدرێت، بەڵام تا ئێستا بوار بە عەلی بەدرخانی نەدراوە.
بەپێی زانیارییەکان، بەندی کرێکاری بە شێوەی ئاسایی ١٥٠ کەس لەخۆ دەگرێت بەڵام لە مانگەکانی رابردوودا ئەم رێژەیە بۆ ٤٠٠ کەس بەرز کراوەتەوە. لەم بەندەدا سەرجەم ئەرکی چێشت لێنان، بیناسازی و نوێژەنکردنەوە لە ئەستۆی خودی زیندانییەکان دایە.
عەلی بەدرخانی ناسراو بە شوان لە بنەماڵەی ناسراوی بەدرخانییەکانە. ئەو لە ٣٠ ساڵ لەمەوبەرەوە لەگەڵ بنەماڵەکەی لە کوردستانی باشوورەوە بۆ ئێران کۆچیان کردووە.
لە ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی/ ٢٠١٤ و لە دوا ساڵی خوێندنی قۆناغی ماستەر لە زانکۆی تاران بە هۆکاری سیاسی لە خوێندن بێ بەش کرا. چواری رەشەمەی هەمان ساڵ لە ماڵی خوشکەکەی لە ورمێ دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٢٠ رۆژ بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئەو شارە لێپێچینەوەی لەگەڵدا کرا.
لەو ماوەیەدا لەلایەن ئیتلاعاتەوە کەوتبووە ژێر فشار و ئەشکەنجەوە تا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ بکرێت.
ئەو کات بۆ ماوەی نۆ رۆژ بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین دەستی دایە مانگرتن چونکە بە نایاسایی دەستبەسەر کرابوو. پاش کۆتایی هاتنی پرۆسەی لێپێچینەوە، بۆ زیندانی ورمێ گواسترایەوە و دواتریش بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.
هەر لە درێژەی فشارەکان بۆ سەر عەلی بەدرخانی، لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامی ورمێ بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند.
پاش ئەوەی تانە لەم بریارە درا، دۆسیەکەی رەوانەی دادگای پێداچوونەوە کراو لە لقی ١٠ی ئەو دادگایە سزاکەی بۆ سێ ساڵ کەم کرایەوە.
سەرەنجام لە رێکەوتی ٩ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی/ ٢٠١٧.٠٣.٢٩ عەلی بەدرخانی بۆ دادگای شۆڕشی ورمێ بانگرا و لەوێ دەستبەسەرکرا. لەوێشەوە راستەوخۆ بۆ زیندانی ورمێ گواسترایەوە تا سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا جێبەجێ بکرێت.
ئێستا عەلی بەدرخانی لە سێ مانگی کۆتایی سزاکەی دایە و لە مافە سەرەتاییەکانی به‌ندكراوێك کە لە یاساکانی کۆماری ئیسلامیشدا هاتووە، بێ بەشە.
ئەم نووسەرە کوردە چەندین بەرهەمی وەکوو “تورکیە، دیمۆکراسی و کورد”، “گفتوگۆی ئەندێشە”، “پەنابەری عیشق” و “حەکایەت و ئەفسانە کوردییەکان” بڵاوکردۆتەوە.