بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان کەوتوون، حەسەن ڕەستگاری مەجد، بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێدا بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە بەتالکردنەوەی ناسنامەکەی لەلایەن دادگای گشتیی ورمێ و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەکان بۆ سنوورداشکردنەوەی بۆ تورکیا، لە ڕۆژی دووشەممەوە دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی گوت: “ناسنامەی حەسەن ڕەستگاری مەجد پێشتر لەلایەن دادگای گشتیی ورمێووە پوچه‌ڵ کرابووەوە، ناوەندە ئەمنییەکانیش لەم ماوەیەی ڕابردوودا بانگهێشتیان کردووە و هەڕەشەیان لێکردووە کە پاش تێپەڕکردنی ماوە سزاکەی (١٥ ساڵ) سنوورداشی دەکەنەوە بۆ تورکیا. ناوبراویش بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بەو هەڕەشانە لە بەرواری ١ی ڕەزبەڕ / 23.9 وە دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن”.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوە باوەڕپێکراوە، ئەو بەندکراوە سیاسییە لە ساڵی ١٣٧٢ی هەتاوی / 1993ی زایینییەوە مافی نیشتەجێبوون لە ئێرانی دراوەتێ، هاوسەرگیریی کردووە و باوکی سێ منداڵە لە رۆژهه‌ڵاتی کوردستان.

دەگوترێت کە حەسەن ڕەستگاریی مەجد لە مانگی سەرماوەزیی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی / 2016ی زایینی دا بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەی بۆ پێداچوونەوە بۆ سزاکەی بۆ ماوەی ٣٢ ڕۆژ دەستی دابووە مانگرتن لە خواردن. هاوکات بە مانگرتنەکە، لە ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندیخانەی ورمێوە گوازرابووەوە بۆ لقی ١٠٤ی دادگای ئەو شارە و بە تۆمەتی “بشێویی بەندیخانە” بە لێدانی ٢٠ قامچی و ٣ مانگ زیندان سزادرابوو. سزاکە لە مانگی بەفرانباری ئەو ساڵەدا پێی ڕاگەیەندرا.

ئەو بەندکراوە سیاسییە پێشتر بەهۆی چەن دۆسییەی جیاوازەوە، بە تۆمەتەکانی “ئەندامبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان” (پەکەکە) بە ١٥ ساڵ، “نیشتەجێبوونی نایاسایی لە وڵاتدا” بە ٣ ساڵ و “بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران” بە ساڵێک زیندان سزادرابوو کە بەپێی ماددەیاسای ١٣٤ی سزادانی ئیسلامی (کۆکردنەوەی سزاکان) ١٥ ساڵ لەو سزایە جێبەجێ دەکرێت.