بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئیبراهیم خەلیل هەمەدانی و سالار خەلیل هەمەدانی، (باوک کوڕ)ی بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ، کە هەفتەی ڕابردوو هەر کامەیان بە ١٦ ساڵ بەندکران سزادرابوون،  لە ڕۆژی ٣ی ڕەزبەرەوە/ 09.25 بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بەو سزایە دەستیان داوەتە مانگرتن لە خواردن.

ئەم بڕیارە رۆژی ٢ی رەزبەر/ 09.24 بە رەسمی بەم دوو هاووڵاتییە کە لە بەندی “رەوان دەرمانی”ی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێدا بەسەردەبەن، راگەیەندراوە.

دانیشتنی دادگای ئەم دوو هاووڵاتییە تورکە رۆژی چوارشەمە ٢٧ی خەرمانان/ 09.18 لە لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامی ورمێدا بە بێ پارێزەری دڵخوازی خۆیان بەڕێوەچووە. لەو دادگایەدا هەرکامیان بە تۆمەتی “ئەندام بوون لە رێکخراوی موجاهیدینی خەلق” بە ١٥ ساڵ و بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی” بە ساڵێک بەندکران سزادران.

ئیبراهیم خەلیلی هەمەدانی وێرای دوو منداڵی بە ناوەکانی سالار و مریەم (مەهسا) خەلیلی هەمەدانی رۆژی ٤ی رەشەمەی ساڵی رابردووی هەتاوی/ 2019.02.23 لە ورمێ دەستبەسەر کران.

مریەم خەلیلی هەمەدانی رۆژی پێنجی گوڵان/ 04.25 بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا. بەڵام دوو ئەندامەکەی دیکەی ئەو بنەماڵەیە لە بەندی “رەوان دەرمانی” بەندکراون.

پێشتر خەلیل هەمەدانی، هاووڵاتی تورک و خەڵکی ورمێ لە ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی/ 2005 بە تۆمەتی هاوکاری کردنی رێکخراوی موجاهیدنی خەڵق دەستبەسەر کرابوو و حوکمی شەش ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو. ئەم هاووڵاتییە تورکە پاش دوو ساڵ بە کەڵک وەرگرتن لە مافی ئازادی بە مەرج لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.