تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاگادارکراوەتەوە کە “ئیبراهیم خەلیلی هەمەدانی” و کوڕەکەی “سالار خەلیلی هەمەدانی”، دوو بەندکراوی سیاسیی لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێدا کە هەفتەی ڕابردوو هەر کامەیان بە ١٦ ساڵ بەندکران سزادرابوون، بەهۆی دۆسییەیەکی تازەوە بە ٣ ساڵ بەندکران سزادران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی ڕاگەیاند: “ئەو سزایانە لەلایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی “وێنەگرتنی ناوەندە سەربازییەکان” لەدژی ئەو بەندکراوە سیاسییانە دەرکراوە”.

ئەو  دووبەندکراوە کە لە بەندی “ڕەوان دەرمانی”ی بەندیخانەی ورمێدا بەسەردەبەن لە ڕۆژی ٣ی ڕەزبەرەوە / ٠٩.٢٥ دەستیان داوەتە مانگرتن لە خواردن.

جێگای ئاماژەیە لە ئێستادا کۆی سزای بەندکران لەدژی هەر کامە لەو بەندکراوانە ١٩ ساڵە، کە بەپێی بڕگەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی، ١٥ ساڵ لەو سزایە جێبەجێدەکرێت.

یەکەم دانیشتنی دادگای ئەم دوو هاووڵاتییە تورکە رۆژی چوارشەمە ٢٧ی خەرمانان/ 09.18 لە لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامی ورمێدا بە بێ پارێزەری دڵخوازی خۆیان بەڕێوەچووە. لەو دادگایەدا هەرکامیان بە تۆمەتی “ئەندام بوون لە رێکخراوی موجاهیدینی خەلق” بە ١٥ ساڵ و بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی” بە ساڵێک بەندکران سزادران.

ئیبراهیم خەلیلی هەمەدانی وێرای دوو منداڵی بە ناوەکانی سالار و مریەم (مەهسا) خەلیلی هەمەدانی رۆژی ٤ی رەشەمەی ساڵی رابردووی هەتاوی/ 2019.02.23 لە ورمێ دەستبەسەر کران.

مریەم خەلیلی هەمەدانی رۆژی پێنجی گوڵان/ 04.25 بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا. بەڵام دوو ئەندامەکەی دیکەی ئەو بنەماڵەیە لە بەندی “رەوان دەرمانی” بەندکراون.

پێشتر خەلیل هەمەدانی، هاووڵاتی تورک و خەڵکی ورمێ لە ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی/ 2005 بە تۆمەتی هاوکاری کردنی رێکخراوی موجاهیدنی خەڵق دەستبەسەر کرابوو و حوکمی شەش ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو. ئەم هاووڵاتییە تورکە پاش دوو ساڵ بە کەڵک وەرگرتن لە مافی ئازادی بە مەرج لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.