بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، مانگرتنی حەسەن رەستگاری مەجد بەندکراوی سیاسیی کورد، ئیبراهیم خەلیلی هەمەدانی و کوڕەکەی سالار خەلیلی هەمەدانی دوو بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بەردەوامە.

حەسەن رەستگاری مەجد لە رۆژی دووشەمە ١ی رەزبەرەوە/ ٠٩.٢٣ مانی لە خواردن گرتووە. بە پێی زانیارییەکان هۆکاری مانگرتنەکەی ئەم بەندکراوە سیاسییە، دەربڕینی ناڕەزایەتییە بە هەڵوەشاندنەوەی رەگەزنامەکەی لەلایەن دادگای گشتی ئەم شارەوە و هەروەها هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەکان سەبارەت بە ناردنەوەی بۆ تورکیا پاش کێشانی سزای بەندکران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بە دۆخی حەسەن رەستگاری مەجد بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی گوت: “رۆژی سێ شەمە لە کاتێکدا عەلی شێخلو بەرپرسی لقی دووی دادگای ورمێ سەردانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێی دەکرد، حەسەن رەستگاری مەجد پێی راگەیاند کە مانی لە خواردن گرتووە و داواکارییەکانیشی لەگەڵ باس کرد. بەڵام شێخلو لە وەڵامدا بە دژە شۆڕش ناوی  برد و سەرەڕای سوکایەتی و بێ بایەخکردنی مانگرتنەکەی بە لەفزێکی ناشیرین و پڕ لە سوکایەتی پێی گوت: “تۆ دەبوو ئیعدام بکرایەی، هەر ئەوە باشترە بە هۆی مانگرتنەوە لە بەندیخانەدا بمری.”

دەگوترێ لەو کاتەوە كە عەلی شێخلو کراوە بە بەرپرسی لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێ، قورسترین سزاکانی بۆ چالاکانی کورد لەم شارە بڕیوەتەوە.

حەسەن رەستگاری مەجد لە مانگی سەرماوەزی ١٣٩٥/ ٢٠١٦.١١ لە ناڕەزایەتی بە دروستکردنی دۆسیە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بۆی و هەروەها رەتکردنەوەی داواکارییەکەی سەبارەت پێداچوونەوەی دادگا، ٣٢ رۆژ مانی لە خواردن گرتبوو. لەو کاتەدا کە دەستی دابوویە مانگرتن، لە ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندیخانەی ورمێوە بۆ لقی ١٠٤ی دادگای ئەم شارە گواسترایەوە و بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایش و ئارامیی گشتی دادگایی کرا. لەو دادگایەدا حوکمی لێدانی ٢٠ قامچی و سێ مانگ بەندکرانی بۆ بڕایەوە و حوکمەکەی لە مانگی رەشەمەدا پێڕاگەێنرا.

ئەم بەندکراوە سیاسییە پێشتر لە چەندین دۆسییەی جیاوازدا بە تۆمەتی ئەندام بوون لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە ١٥ ساڵ بەندکران، مانەوەی نایاسایی لە ئێراندا بە سێ ساڵ بەندکران، پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی لە بەندیخانەدا بە ساڵێک بەندکران مەحکوم کرابوو.

کۆی ئەو سزایانەی بەسەر رەستگاری مەجدا سەپاوە ١٩ ساڵە، بەڵام بە پێی یاسای ناسراو بە تەجمیعی ئەحکام، سزای ئەم بەندکراوە سیاسییە بۆتە ١٥ ساڵ.

لەلایەکی دیکەوە یەکەمین دانیشتی دادگای ئیبراهیم و سالار خەلیلی هەمەدانی رۆژی ٢٧ی خەرمانان، ٠٩.٢٢ لە دادگای شۆڕشی ئیسلامی ورمێ لە کاتێکدا بەڕێوەچوو کە مافی گرتنی پارێزەریان لێ زەوتکرابوو. دادگا سەرەنجام بە تۆمەتی ئەندام بوون لە رێکخراوی موجاهدینی خەلقی ئێران بۆ هەر کامیان ١٥ ساڵ بەندکرانی دیاریکرد و هەروەها بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی بە ساڵێک بەندکران مەحکوم کران.

ئەم دوو هاوڵاتییە چەند رۆژ دواتر لە لقی سێی دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی گرتنی وێنە و فیلم لە ناوەندە سەربازییەکان هەر کامیان بە سێ ساڵ بەندکران مەحکوم کران. هەر یەک لەم دوو بەندکراوە  ١٩ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە. بە لەبەرچاو گرتنی مادەی ١٣٤ی یاسای سزاکانی ئێران،  ١٥ ساڵ بەندکران بۆ هەرکامیان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئیبراهیم خەلیلی هەمەدانی وێرای دوو منداڵی بە ناوەکانی سالار و مریەم (مەهسا) خەلیلی هەمەدانی رۆژی چواری رەشەمەی ساڵی رابردووی هەتاوی/ 2019.02.23 لە ورمێ دەستبەسەر کران.

مریەم خەلیلی هەمەدانی رۆژی پێنجی گوڵان/ ٠٤.٢٥ بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا. بەڵام دوو ئەندامەکەی دیکەی ئەو بنەماڵەیە لە بەندی “رەوان دەرمانی” بەندکراون.

پێشتر خەلیل هەمەدانی هاووڵاتی تورک و خەڵکی ورمێ لە ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی/ ٢٠٠٥ بە تۆمەتی هاوکاری کردنی رێکخراوی موجاهیدنی خەلق دەستبەسەر کرابوو و حوکمی شەش ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو. ئەم هاووڵاتییە تورکە پاش دوو ساڵ بە کەڵک وەرگرتن لە مافی ئازادی بە مەرج لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.