تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی، رۆژی ٢٧ی رەزبەر/ 10.19 ئیبراهیم خەلیلی هەمەدانی و کوڕەکەی سالار خەلیلی هەمەدانی دوو بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ پاش بەڵێینی دادوەر شێخلو، بەرپرسی لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامی ئەم شارە، کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێناوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی گوت: “رۆژی سێ شەمە ٢٣ی رەزبەر/ 10.16 لە کاتی سەردانی عەلی شێخلو بەرپرسی لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێ بۆ بەندیخانەی ناوەندی ورمێ، ئەم دوو بەندکراوە سیاسییە ناوبراویا سەبارەت بە مانگرتنەکەیان ئاگادار کردۆتەوە. ئەو باوک و کوڕە پاش بەڵێنی ئەرێنی دادوەر شێخلو بۆ پێداچوونەوە بەسەر دۆسیەکەیان و کەم کردنەوەی سزاکەیان لە دادگای پێداچوونەوەدا، ڕۆژی ڕابردوو کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنا.”

ئەم دوو بەندکراوە سیاسییە لە رێکەوتی ٣ی رەزبەرەوە/ 09.25 وەک ناڕەزایەییەک بەرامبەر بە درەچوونی ئەو سزا قورسانەی بەسەریاندا سەپێندرابوو، دەستیان دابووە مانگرتن لە خواردن.

یەکەمین دانیشتی دادگای ئیبراهیم و سالار خەلیلی هەمەدانی رۆژی ٢٧ی خەرمانان، ٠٩.٢٢ لە دادگای شۆڕشی ئیسلامی ورمێ لە کاتێکدا بەڕێوەچوو کە مافی گرتنی پارێزەریان لێ زەوتکرابوو. دادگا سەرەنجام بە تۆمەتی ئەندام بوون لە رێکخراوی موجاهدینی خەلقی ئێران بۆ هەر کامیان ١٥ ساڵ بەندکرانی دیاریکرد و هەروەها بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی بە ساڵێک بەندکران مەحکوم کران.

ئەم دوو هاوڵاتییە چەند رۆژ دواتر لە لقی سێی دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی گرتنی وێنە و فیلم لە ناوەندە سەربازییەکان هەر کامیان بە سێ ساڵ بەندکران مەحکوم کران. هەر یەک لەم دوو بەندکراوە  ١٩ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە. بە لەبەرچاو گرتنی مادەی ١٣٤ی یاسای سزاکانی ئێران،  ١٥ ساڵ بەندکران بۆ هەرکامیان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئیبراهیم خەلیلی هەمەدانی وێرای دوو منداڵی بە ناوەکانی سالار و مریەم (مەهسا) خەلیلی هەمەدانی رۆژی چواری رەشەمەی ساڵی رابردووی هەتاوی/ 2019.02.23 لە ورمێ دەستبەسەر کران.

مریەم خەلیلی هەمەدانی رۆژی پێنجی گوڵان/ ٠٤.٢٥ بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا. بەڵام دوو ئەندامەکەی دیکەی ئەو بنەماڵەیە لە بەندی “رەوان دەرمانی” بەندکراون.

پێشتر خەلیل هەمەدانی هاووڵاتی تورک و خەڵکی ورمێ لە ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی/ ٢٠٠٥ بە تۆمەتی هاوکاری کردنی رێکخراوی موجاهیدنی خەلق دەستبەسەر کرابوو و حوکمی شەش ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو. ئەم هاووڵاتییە تورکە پاش دوو ساڵ بە کەڵک وەرگرتن لە مافی ئازادی بە مەرج لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.