مانگرتنی حەسەن رەستگاری مەجد، قادر محەمەد زادە و ئیقبال زارعی، سێ بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەکانی ورمێ، یەزد و سەقزدا بەردەوامە.

بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئیقبال زارعی، بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی سەقز لە رۆژی چوارشەمەوە (24ی رەزبەر/ 10.16) بە هۆی ئەوەیکە فەرمانگەی ئیتلاعاتی ئەو شارە رێگە نادات بە مەرج ئازاد بکرێ، دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن. ئەوە لە کاتێکدایە بڕیاری ئازادکردنەكەی بە مەرج، پێشتر لەلایەن “ئەنجومەنی پۆڵبەندی بەندیخانە” و داواکاری گشتیی سەقزوە پشتڕاستکرابوویەوە.

ئەم هاوڵاتییە سەقزییە رۆژی 19ی پوشپەڕی ساڵی 1395/ 2016.07.09 لەلایەن فەرمانگەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکرابوو و پاش چەند مانگ بە تۆمەتی “هاوکاریکردنی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران” بە پێنج ساڵ بەندکران سزادرابوو. ئەم سزایە سەرەنجام بە پشت بە ستن بە یاسای “رازی بوون بە بڕیار” بۆ سێ ساڵ و نۆ مانگ کەم کرایەوە.

دەگوترێت ئیقبال زارعی لە کاتی دەستبەسەرکرانییەوە تا ئێستا مافی چوونەدەرەوە لە بەندیخانەی لێ زەوتکراوە.

هەروەها تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی، قادر محەمەد زادە و حەسەن رەستگاری مەجد، دوو بەندکراوی دیکەی سیاسی لە بەندیخانەکانی یەزد و ورمێ، بە هۆی گوێنەدانی بەرپرسانی بەندیخانە بە داواکارییەکانیان بەردەوامن لە مانگرتن لە خواردن.

قادر محەمەد زادە لە لقی دادگای گشتی مهاباد بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست بە قەساس و حەوت ساڵ بەندکران (لە بواری گشتی) سزادرا. ئەم سزایە پاش تانەلێدان لە ساڵی 1392/ 2013 لەلایەن دیوانی باڵاوە هەڵوەشنێرایەوە و گۆڕا بۆ “دیە” واتە سزای دارایی. بەڵام بەم دواییانە پێی راگەیەندراوە کە سزای بەندکرانەکەی بە هۆی بوارە گشتییەکەیەوە جێبەجێ دەکرێت و هەر بۆیەش دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.

ئەم بەندکراوە سیاسییە هەروەها لە دۆسیەیەکی دیکەدا بە تۆمەتی “موحارەبە” واتە دژایەتی لەگەڵ خودا 20 ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە. ناوبراو کە لە 14 ساڵ لەمەوبەرەوە بەندکراوە، بەرەبەیانی رۆژی 18 خاکەلێوەی ئەمساڵ/ 2019.04.07 لە بەندیخانەی مهابادەوە بۆ بەندیخانەی یەزد دوورخرایەوە.

لەلایەکی دیکەوە حەسەن رەستگاری مەجد لە رۆژی یەکی رەزبەرەوە/ 09.23 بە هۆی هەڵوەشاندنەوەی رەگەزنامەکەی لەلایەن دادگای گشتی ورمێوە و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەکان سەبارەت بە ناردنەوەی بۆ تورکیا پاش تێپەڕکردنی سزاکەی، دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.

ئەم بەندکراوە سیاسییە پێشتر لە چەندین دۆسییەی جیاوازدا بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)” بە ١٥ ساڵ بەندکران، مانەوەی نایاسایی لە ئێراندا بە ٣ ساڵ بەندکران، پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی لە بەندیخانەدا بە ساڵێک بەندکران سزادرابوو.

کۆی ئەو سزایانەی بەسەر رەستگاری مەجدا سەپێندراوە ١٩ ساڵە، بەڵام بە پێی یاسای ناسراو بە “تەجمیعی ئەحکام”(کۆکردنەوەی سزاکان)، سزای ئەم بەندکراوە سیاسییە بۆتە ١٥ ساڵ.