بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، رۆژی ٥ی خەزەڵوەر/ 10.27 سەعید شێرزاد بەندکراوی سیاسی پاش ئەوەی ماوەی مۆڵەتی چوونەدەرەوەی لە بەندیخانەی بۆ درێژ نەکرایەوە، دەستبەسەر کرا و بڕیارە بۆ تێپەڕاندنی باقیی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی رەجایی شاری کەرەج بکرێت. ئەو بەندکراوە سیاسییە نزیکەی مانگێک پێش ئێستا بۆ یەکەمین جار مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە بەندیخانەی درابوویە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی گوت: “ئێوارەی رۆژی یەکشەممە سەعید شێرزاد بە مەبەستی سەردانی بەندکراوێکی سیاسی کە لەم دواییانەدا ئازاد کراوە چووبوە شاری پەرەند. هێزە ئەمنییەکان لە بەردەم ماڵی ئەم بەندکراوە سیاسیە دەستبەسەریان کرد و گواستیانەوە بۆ دەستبەسەرگە. وا بڕیارە بۆ تێپەڕاندنی باقی سزاکەی بۆ بەندیخانەی رەجایی شار بەڕێ بکرێت.”

سەعید شێرزاد رۆژی هەشتی رەزبەر/ 09.30 لە کاتێکدا لۆڵەتی چوونەدەرەوەی لە بەندیخانی درایە کە 15 رۆژ لە مەرگی دایکی تێپەڕ ببوو و نەیتوانی لە پرسە و رێوڕەسمی بەخاکسپاردنیدا بەشداری بکات.

ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بە هۆی دوو جار مانگرتن لە خواردنەوە بۆ ماوەی 39 و 53 رۆژ، توشی کۆمەڵێک نەخۆشی جەستەیی بووە. نەخۆشی گورچیلە، فەقەرات، هەوکردنی سپاسم (spasm) لە ناوقەدییەوە بەرەو خوار و تەشەنوج کۆمەڵێک لەو نەخۆشیانەن کە سەعید شێرزاد لە بەندیخانەدا تووشی بووە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە رۆژی 12 خەرمانانی ساڵی 1393/ 2014.06.02 لە پاڵاوگەی تەورێز (شوێنی کارەکەی) دەستبەسەرکرا و بۆ ماوەی پتر لە دوو مانگ لە ژوورە تاکە کەسییەکانی بەندی 209ی بەندیخانەی ئێڤینی تاران لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا. لێپرسینەوەکان سەبارەت بە چالاکییەکانی لە بواری مافی منداڵان و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەی بەندکراوانی سیاسی بوو. پاش ئەو ماوەیە بۆ بەندی هەشتی بەندیخانەی ئێڤین گوازرایەوە و پاش ماوەیەکی کورت و بە بێ هیچ هۆیەک بۆ بەندیخانەی رەجایی شار بەڕێکرا.

ناوبراو لە مانگی خەرمانانی ساڵی 1394/ 2015.09 لەلایەن لقی 15ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە تۆمەتی “کۆبوونەوە و هەوڵدان دژی ئایاشی نەتەوەیی” پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. ئەم بڕیارە پاشان لە دادگای پێداچوونەوەی تاران وەکوو خۆی پشتڕاستکرایەوە. هەروەها لە ساڵی 1391/2012 بە هۆی یارمەتی دانی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی شاری ئەهەر سزای ساڵێکيش بەندکرانی تەعلیقیی بۆ بڕابوویەوە، ئەویش کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

سەعید شێرزاد لە ماوەی بەندکرانیدا چەندین جار رووبەرووی دۆسیەی نوێ کرایەوە و لە یەکێک لەو دۆسیەیانەدا بە هۆی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە گواستنەوەی بەندکراوانی سیاسی بۆ بەندی هەرە ئەمنیی بەندیخانەی رەجایی شار، لەلایەن لقی 1162ی تاران لە رەزبەری ئەمساڵدا/ 2019.10 شەش مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.