بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەکبەر لەکستانی، هاوڵاتی ئێرانی – ئەمریکی بە هۆی ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستییەوە لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێوە بۆ نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی بەندیخانەکە گوازراوەتەوە و بۆ ماوەی پێنج رۆژ لە ژێر چاودێری پزیشکیدایە.

جێگەی ئاماژەیە، ئەکبەر لەکستانی رۆژی شەشی رەزبەر/ 09.28 پاش ئەوەی لە سنووری “سێرو”ی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا دەستبەسەر کرا بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازرایەوە.

ئەو هاوڵاتییە ئێرانی – ئەمریکییە رۆژی 13ی رەزبەر/ 10.05 لە بەندی 4_3ی بەندیخانە ورمێوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعات گوازرایەوە و بۆ ماوەی چەند رۆژ لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا.

ئەکبەر لەکستانی پاش تەواو بوونی قۆناغی لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییەوە بۆ بەندیخانەی ورمێ گەڕێنرایەوە، بەڵام بە هۆی ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستییەوە و بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانەی بەندیخانەکە کرا.

ئەکبەر لەکستانی بەرپرسی پێشووی شارەوانی شاری “شوت” بووە و پێشینەی بەشداری شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عیراقی هەیە.

ناوبراو پێشتر لە ساڵی 1378/ 2008 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامی شاری خۆیەوە بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی” و “بێڕێزیکردن بە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی” بە سێ ساڵ بەندکران سزادرابوو.

ئەکبەر لەکستانی لە ساڵی 1388/ 2009 لە کاتی وەرگرتنی مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە بەندیخانە، ئێرانی بەجێهێشت و پاشان چووە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.