بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، رۆژی شەمە ١٨ی خەزەڵوەر/ ١١.٠٩ محەمەد نەزەری، بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ورمێوە بە مەبەستی سکانی سێنۆگرافی بۆ نەخۆشخانەی “ئیمام خومەینی”ی ئەم شارە گوازرایەوە و پاش کۆتاییهاتنی پشکنینەکان بۆ بەندیخانە گەڕێنرایەوە.

محەمەد نەزەری پێشتریش لە مانگی رەزبەری ئەمساڵدا بە هۆی ئەگەری هەبوونی تۆمۆرێک لە گەدەیدا دا بۆ نەخۆشخانە گوازرابووەوە و خرابووە ژێر چاودێری پزیشکییەوە. ئەو کات سەرەڕای نیگەرانییەکان سەبارەت بە دۆخی تەندروستییەوە دیسانەوە بۆ بەندیخانە گەڕێنرایەوە. دەگوترێت، هۆی گەڕاندنەوەی ئەو بەندکراوە سیاسییە بۆ بەندیخانە، دەستی بەرپرسانی لە پشت بووە و لە پرۆسەی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی تەنگ و چەڵەمەیان بۆ دروست کردووە.

گەڕاندنەوەی محەمەد نەزەری لە کاتێکدا بووە کە بە پێی بۆچوونی پزیشکانی پسپۆڕ لە بوارەکەدا، دەبوایە دەستبەجێ بخرێتە ژێر چاودێرییەوە و چارەسەری بۆ وەربگیرێت، بەڵام بەو دۆخەشەوە مانگێکی خایاند تا لە نەخۆشخانە سێنۆگرافی بۆ بکرێت.

محەمەد حوسێن ئاقاسی، پارێزەر لە مانگی پوشپەڕ/ مانگی ٠٧ دۆخی جەستەیی ئەم بەندکراوە سیاسییەی نالەبار راگەیاندبوو و باسی لە ئەگەری هەبوونی تۆمۆرێکی لەناو گەدەیدا کردبوو. بە وتەی ئەو پارێزەرە پێدەچێت ئەم تۆمۆرە بە هۆی مانگرتنە 90 رۆژەکەیەوە دروست بووبێت.

محەمەد نەزەری لە رێکەوتی هەشتی جۆزەردانی ساڵی ١٣٧٢/ ١٩٩٤.٠٥.٣٠ لە تەمەنی ٢٣ ساڵیدا بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستان” لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری بۆکان دەستبەسەرکرا و پاشان هەر بە هۆی ئەم تۆمەتەوە سزای سێذارەئ بەسەردا سەپێندرا.

سزای سێدارەکەی لە جەژنی قوربانی ساڵی ١٣٨٨/ ٢٠٠٩ بەخشرا و بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی کەم کرایەوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە لە بەندیخانەدا توشی نەخۆشی گورچیلە و کیسی زراو (Gallbladder) بووە و بە پێی بۆچوونی پزیشکانی پسپۆڕ دەبێت دەستبەجێ نەشتەرگەری بۆ بکرێت، بەڵام تا ئێستا بە شێوەی ستاندارد نەخراوەتە ژێر چاودێری پزیشکیيەوە و چارەسەری نەخۆشییەکانی بۆ نەکراوە.