بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی پێجشەممە ٣٠ خەزەڵوەر / ١١.٢١ “قادر محەمەدزادە“، بەنکراوی سیاسیی کورد پاش بەڵێنی بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی یەزد بۆ بەدوواداچوون بۆ داواکارییەکانی پاش مانگێک و ٩ ڕۆژ کۆتایی بە مانگرتنی لە خواردن هێنا.

قادر محەمەدزادە لە ڕێکەوتی ٢٤ی ڕەزبەری ١٣٩٨ / ٢٠١٩.١٠.١٦ پاش ئەوەی پێی ڕاگەیەندرا کە سزای ٧ ساڵ بەندکرانی دۆسییە تازەکەی جێبەجێ دەکرێت دەستی دابووە مانگرتن لە خواردن. ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی ٩ی خەزەڵوەر / ٢٠١٩.١٠.٣١ لەسەر فەرمانی سەرۆکی بەندیخانەی یەزد بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی ئەو بەندیخانەیە گوازرابووەوە.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ١٤ی خەزەڵوەر / ٢٠١٩.١١.٠٥ پاش ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستیی بەڕێکرا بۆ ناوەندی دەرمانی بەندیخانەکە بەڵام خۆی لە وەرگرتنی چارەسەری پاراست و مانگرتنەکەی نەشکاند.

پێویستە بگوترێت، قادر محەمەد زادە بە تۆمەتی “کوشتنی بەئەنقەست” بە “قصاص”(سێدارە) و لە بواری گشتی ئەو تاوانەوە بە ٧ ساڵ بەندکران سزادرابوو کە ئەم بڕیارە سەرەنجام لەلایەن دیوانی باڵاوە هەڵوەشێنرایەوە و کرا بە “دیە” واتە سزای دارایی.

ئەم بەندکراوە سیاسییە هەورەها لە دۆسیەیەکی دیکەدا بە تۆمەتی “موحارەبە” واتە دژایەتی لەگەڵ خودا بە ٢٠ ساڵ بەندکران سزادرابوو.

قادر محەمەد زادە کە لە ١٤ ساڵ لەمەوبەرەوە لە بەندیخانەدایە، لە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەمە ١٨ی خاکەلێوەی ئەمساڵ/ ٢٠١٩.٠٤.٠٧ لە بەندیخانەی مهابادەوە بۆ بەندیخانەی یەزد دوورخراوەتەوە.