تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە لە هەفتەی ڕابردووەوە بۆ ئێستا زیاتر لە ١٥ بەندکراو لە بەندی ژنانی بەندیخانەی خۆی تووشی نەخۆشیی ئانفولانزا بوون. نەبوونی کەرەسە و کەلوپەلی پزیشکی لە ناوەندی دەرمانی ئەو بەندیخانەیەدا بووەتە هۆی نیگەرانی سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی ئەو بەندکراوانە.

سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لەو بارەیەوە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤ دووا و گوتی: “لە سەرەتای هەفتەی ڕابردووەوە بۆ ئێستا زیاتر لە ١٥ بەندکراو لە بەندی ژنانی بەندیخانەی خۆی تووشی نەخۆشیی ئانفولانزا بوون. ئەو نەخۆشییە لە ئێستادا بەهۆی داخراوبوونی بەندەکە و نەبوونی کەرەسە و کەلوپەلی پزیشکی لە بەندیخانەکەدا بەخێرایی بەنێوان بەندکراوەکاندا بڵاو دەبێتەوە و بەدوواداچوونی بەندکراوان بۆ دەرمانیشیان تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی ئەرێنیی نەبووە”.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، ڕۆژی پێنجشەممەی هەفتەی ڕابردوو زەینەب جەلالیان، بەنکراوی سیاسیی کورد بەهۆی تووشبوون بەو نەخۆشییە بووراوەتەوە بەڕێکراوە بۆ ناوەندی دەرمانی بەندیخانەکە. بەڵام لەکاتێکدا دەبوو بەپەلە بنێردرێت بۆ نەخۆشخانە پاش لێدانی چەند دەرزییەک گەڕێندراوەتەوە بۆ بەند.

ئەو سەرچاوەیە لە بەردەوامیدا وتی کە ژمارەی تووشبووان بەو نەخۆشییە ڕۆژانە زیاددەکات. دۆخی تەندروستیی هەندێکیان ئەوەندە ناجێگیرە کە ناتوانن ئەندامەکانیان بجووڵێنن، بەو دۆخەشەوە تەنیا بەو دەرمانانەی بنەماڵەکانیان بۆیان ناردوون هەوڵ دەدەن نەخۆشییەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.

جێگەی ئاماژەیە کە ٤٠ بەندکراو لە بەندی ژنانی بەندیخانەی خۆیدا تەنیا لە یەک هۆڵدا و بەبێ کەرەسەی گەرمکەرەوە بەندکراون.