تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی کە ئەمڕۆ ٢٦ سەرماوەز / ١٢.١٧، “والی دورودی” و “عومەر ئیمامی“، دوو بەندکراوی سیاسیی کورد، لە ٢٤ەمین ساڵی بەندکرانیاندا لە بەندیخانەی ئەبەرکوهی یەزد ئازادکران.

ئەو دوو بەندکراوە سیاسییە لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٧٥ / ١٩٩٦.٠٦ لەمیانەی شەڕ و پێکدادانێکی نێوان هێزەکانی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و “حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران” دەستبەسەرکران و پاش کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکانیان بۆ بەندیخانە دیزڵ‌ئاوای کرماشان گوازرانەو.

والی دورودی و عەمەر ئیمامی پاشان لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامی کرماشانەوە بە تۆمەتی “دژیاتیکردنی خودا (محاربە)” بە بەندکرانی تاهەتایی و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی ئەبەرکوهی یەزد سزادران.

ئەو دوو بەندکراوە سیاسییە لە ساڵی ١٣٨٥/ ٢٠٠٦ دا پاش ١٠ ساڵ بەندکران لە بەندیخانەی دیزڵ‌ئاوای کرماشان بۆ بەندیخانەی یەزد دوورخرانەوە و لە مانگی سەرماوەزی ١٣٩٠ / ٢٠١١.١٢ لەگەڵ ٨ بەندکراوی سیاسیی دیکە بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە جیانەکردنەوەی بەندکراوە سیاسییەکان لە بەندکراوانی دیکە دەستیان دایە مانگرتن لە خواردن.

کۆمیسیۆنی لێبوردنی دەزگای دادی ئێران لە ساڵی ١٣٩٦ / ٢٠١٧دا داواکاریی والی دورودی بۆ کەمکردنەوەی سزاکەی لە بەندکرانی تاهەتاییەوە بۆ ٢٥ ساڵ بەندکرانی پەسندکرد. جێگەی ئاماژەیە کە والی دورودی یەکێکە لە بەندکراوە سیاسییەکانی ٦٠ەکان/ ٨٠کانی ئێران کە لە ساڵی ١٣٧٢ / ١٩٩٣ پاش کۆتاییهاتنی سزای بندکرانەکەی لە بەندیخانە ئازادکرابوو.

هەروەها لە مانگی سەرماوەزی ١٣٩٨ / ٢٠١٩.١٢ دا، داواکاری گشتیی یەزد داوای عومەر ئیمامی بۆ ئازادبوونیی بە مەرجی وەرگرتنی ڕەزامەندی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان، پەسند کردبوو.