سەرەڕای گیان لە دەستدانی بەندکراوێک و گواستنەوەی ژمارەیەک بەندکراوی بەندیخانەی ورمێ بۆ نەخۆشخانە بە گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەرپرسانی ئەو بەندیخانەیە تا ئێستا هیچ وردەکارییەکانیان سەبارەت بە ڕەوشی ئەو بەندیخانەیە ڕانەگەیاندووە، هەر بۆیە ڕۆژی ڕابردوو چەند بنەماڵەیەکی بەندکراوانی ئەو بەندیخانە لە بەردەم بەندیخانەی ورمێ گردبوونەوە و نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بە دۆخی بەندکراوەکان دەربڕی.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەندکراوێک بەناوی “سەلمان سولەیمان نەژاد” پاش ئەوەی دۆخی تەندروستیی تێکچووە نیشانەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای پێوە دیاربووە بەپەلە لە بەندی ٣-٤ی بەندیخانەی ورمێوە بۆ نەخۆشخانەی “ئیمام خومەینی”ی ئەو شارە گواستراوەتەوە.

سەرچاوەیەک لەو بارەیەوە لێدوانێکدا بۆ تۆڕ گوتی: “سەلمان سولەیمان نەژاد ئەمڕۆ کوتوپڕ تووشی هەناسەتەنگی بوو و پاشان برایە بەشی تەندوستیی بەندیخانە، پاش ئەوەی بە کەرەسەی پشکنینی تا تاقیکردنەوەی بۆ کرا بە ئامبولانسێک کە سەرنشینەکانی جلوبەرگی تایبەتیان لەبەردا بوو بۆ دەرەوەی بەندیخانە ڕەوانە کرا”.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، “مهدی ڕەسولی” کە ٦ ڕۆژ پێش ئێستا بە هەندێک نیشانەگەلی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە بۆ نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی بەندیخانە ڕەوانە کرابوو، ڕپژی ڕابردوو گەڕێندراوەتەوە بۆ بەندی گەنجانی بەندیخانەی ورمێ.

ئەو سەرچاوەیە لە بەردەوامیدا گوتی، مهدی ڕەسولی ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو دیسانەوە دۆخی تەندروستیی تێکچوو و تووشی هەناسەتەنگی بوو، بەڵام بەرپرسانی بەندیخانەکە ڕێگەیان نەدا لە بەشی تەندروستی چاودێریی پزشکی بۆ بکرێت و نەشیانهێشت بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی بەندیخانە ڕەوانە بکرێت.

هەروەها سەرچاوەیەکی دیکە گوتی: “محەمەد قەنبەردوست، بەندکراوی سونەی کە بە گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕەوانەی نەخۆشخانە کرابوو هێشتا لەژێڕ چاودێریدایە، هەروەها پەیوەندی بە بنەماڵەکەیەوە کراوە بۆ ئەوەی بارمتەی بۆ دابین بکەن و هەوڵی وەرگرتنی مۆڵەتی چوونەدەرەوەی لە بەندیخانەی بۆ بدەن، هەر ئەو خاڵەش بووەتە هۆی نیگەرانیی زیاتری بنەماڵەکەی”.

لەکاتێکدا مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە بەندیخانە دراوە بە محەمەد قەنبەردوست کە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا تەنیا یەک بەندکراوی دیکە ئەو مۆڵەتەی درابوویە. ئەوەش ئەو گومانەی هێناوەتە ئاراوە کە ڕەنگە ئەو بەندکراوە مەزهەبییە بەڕاستی بە کۆرۆنا تووش بووبێت.

هەروەها ڕۆژی ڕابردوو چەند بنەماڵەیەکی بەندکراوانی بەندیخانەی ورمێ لە بەردەم ئەو بەندیخانەیە گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان ئەنجامدا و داوایان کرد مۆڵەتی چونەدەرەوە لە بەندیخانە بدرێتە ئەندامانی بنەماڵەکەیان کە لە بەندیخانەدان.

سەرچاوەیەکی دیکەش لەو بارەیەوە گوتی: “پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەندیخناەی ورمێ، چەند گروپێکی پزشکی سەردانی بەندی سیاسییان کرد و بە کەرەستەی پشکنینی بەندکراوانیان کردووە و رویشتوون “.

سەرەڕای زیادبوونی نیگەرانییەکان سەبارەت بە بڵاوبوونەوە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەندیخانەی ورمێ، بەرپرسانی ئەو بەندیخانەیە هێشتا هیچ کارێکی جدییان بۆ کۆنترۆڵی دۆخەکە ئەنجام نەداوە، هەروەها تا ئێستا هیچ وردەکارییەکی تایبەتیان سەبارەت بە ڕەوشی بەندیخانە بڵاونەکردووەوتەو.

پێشتر ٤ بەندکراوی گوماناوەی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەندیخانەی ورمێووە بۆ نەخۆشخانەیەکی ئەو شارە گواسترابوونەوە و هێشتا نەگەڕێندراونەتەوە بۆ بەندیخانە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر ڕاپۆرتێکی بڵاوکردبووەوە و تێیدا ئاشکرایکردبوو کە ئەگەری تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕوودانی کارەساتێکی مرۆیی لە بەندیخانەکانی ئێراندا لە ئارادایە.