بەگوێڕەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ ١٤ی ڕەشەمە / ٠٣.٠٤، پاش ئەوەی پارێزەری “محەمەد مورادی” داوای لە دادگای مهاباد کردبوو بڕیاری دەستبەسەرکرانی بریگرتەکەی بۆ بڕیاری بارمتە بگۆڕدرێت، ئەو دادگای بارمتەی ٤٠ میلیار تمەنیی بۆ ئازادیی محەمەد مورادی دیاریکرد.

دیارکردنی بارمتەی ٤٠ میلیار تمەنی بۆ ئازادیی کاریی محەمەد مورادی لە کاتێکدایە، کە ناوبراو لە مانگی گوڵانی ساڵی ڕابردوو / ٢٠١٨.٠٥ ەوە دەستبەسەرکراوە و دانیشتنی دادگاکەی بۆ مانگی پووشپەڕی ساڵی داهاتوو / ٢٠٢٠.٠٧ دیاریکراوە.

ئەم هاوڵاتییە دەستبەسەرکراوە ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەندانی ئەمساڵ / ٠٢.١١، وەک ناڕەزاییەک بەرامبەر بە ڕوون نەبووینی دۆخی دۆسییەکەی دەستی دابووە مانگرتن لە خوارد و پاش سێ ڕۆژ بەهۆی بەڵێنی بەرپرسانی بەندیخانە بۆ بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانی کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنابوو.

ناوبراو ڕۆژی ٢ی گوڵان ساڵی پار / ٢٠١٨.٠٤.٢٢ پاش ئەوەی بنەماڵەکەی هەماهەنگی پێشوەخت لەگەڵ ناوەندە ئەمنییەکان بۆ گەڕانەوەی بۆ ناوخۆی ئێران کردبوو، لە دەروازەی سنووریی “کێلێ”ی سەردەشت دەستبەسەر کرابوو و برابوو دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ.

محەمەد مورادی بۆ ماوەی ٤٥ ڕۆژ لەو دەستبەسەرگەیەدا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ ئەنجامدرابوو و بەمەبەستی وەرگرتنی وتەی زۆرەملی بۆ دانپێدانان بە “ئەندامبوون لەناو حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و و گەڕانەوە بۆ ئەنجامدانی چالاکی چەکداری” خرابووە ژێر ئەشکەنجەی قورسەوە.

یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی محەمەد مورادی لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا / ٢٠١٩.٠٩ بەبێ ئامادەبوونی پارێزەر لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی مهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر جەواد غوڵامی بەڕێووەچووبوو، ئەو دادگایە تۆمەتی “شەڕی چەکداری لەدژی کۆماری ئیسلامی (بەغی)”ی خستبووە پاڵ ئەم هاوڵاتییە کوردە.

ناوبراو لەکاتی دەستبەسەرکرانییەوە هەتا ئێستا لە هەموو خزمەتێکی پزشکی بێبەشکراوە و سەرەڕای ئەوەی پێویست بووە بنێردرێت بۆ نەخۆشخانە و بخرێتە ژێ چاودێریی تایبەتی پزشکییەوە، ئەمەی بۆ ئەنجام نەدراوە.

محەمەد مواردی، تەمەن ٣٥ ساڵە، ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و باوکی دوو منداڵیشە. ناوبراو هەروەها برای دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی “سادق مورادی”  و “عەبدولرەحمان مورادی“یە.   هەر دوو براکەی لە مانگی رەزبەری ئەمساڵدا/ ٢٠١٩.٠٩ بە هۆی تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران و پاشانيش ئەشکەنجەدانیان، لە ناوچەی سنووری “کۆتران”ی قەندیل کوژران.