ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کرۆنا لە شارە جیاوازەکانی کوردستان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر دەبێت و ئەمەش بووەتەوە هۆی نیگەرانی سەبارەت بە ڕەوشی تەندروستیی بەندکراوەکان. هەرچەند ڕۆژی ٥ی ڕەشەمە / ٠٢.٢٤، دەزگای داد بڕیارنامەیەکی لەبارەی مەرجەکانی ناردنی بەندکراوەکان بۆ پێدانی مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە بەندیخانە تۆمارکرد، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان تا ئێستا هیچ بەندکراوێکی سیاسیی کورد ئەو مۆڵەتەی پێنەدراوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بنەماڵەکانی ژمارەیەک لە بەندکراوە سیاسییە کوردەکان لە لێدواندا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان باسیان لەوە کردووە کە داواکاریی گشتی و ئیدارەی ئیلاعاتی شارە جیاوازەکان ڕێگری دەکەن لەوەی بەندکراوە سیاسیی کوردەکان مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە بەندیخانەیان پێبدرێت.

بەپێی ئە ڕاپۆرتانەی بە تۆڕ گەیشتوون، چەند بەندکراوێکی سیاسیی کورد نەخۆشیی وەک ئازار و برینی گەدە، خوێنبەربوونی گورچیلە و نەخۆشیی دڵیان هەیە و بەو دۆخەوە بێبەش کراون لە پێڕاگەیشتنی پزشکی. دوابەدوای تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کرۆنا لە بەندیخانەکانی ئێران بنەماڵەی بەندکراوانە هەوڵیان داوە مۆڵەتی چوونەدەرەوە بۆ ڕۆڵەکانیان وەربگرن بەڵام ئەو مۆڵەتە تا ئێستا نەدراوەتە هیچ کەسێک.

لەکاتێکدا داواکاریی گشتی و ئیدارەی ئیتلاعاتەکان ڕێگری دەکەن لەوەی مۆڵەتی چوونەدەرەوە بدرێتە بەندکراوەکان کە ناوەندە تەندروستییەکانی ئەو بەندیخانانە پێداگربوون لەسەر ئەوەی کە بەندکراوە نەخۆشەکان پێویستە ئەو مۆڵەتەیان بدرێتێ.

بەپێی بڕیارنامە نوێکەی دەزگای دادی ئێران، ئەو بەندکراوانەی ماوەی سزاکەیان کەمترە لە ٥ ساڵ مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە بەندیخانەیان دەدرێتێ، بەڵام لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دەیسەلمێنێت کە تا ئێستا لە ژماری زیاتر لە ٥٠ بەندکراو سیاسیی کە سزای کەمتر لە ٥ ساڵیان بەسەردا سەپێندراوە هیچ بەندکراوێک نەنێردراوەتە دەرەوە لە بەندیخانە.

هەروەها ژمارەیەکی دیکە لە بەندکراوە سیاسییەکان کە زیاتر لە ٥ ساڵیان بەسەردا سەپێندراوە بەهۆی نەخۆشییەکانیانەوە پێویستە مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە بەندیخانەیان بدرێتێ بەڵام تا ئێستا ئەمە ڕووینەداوە.

بڵاکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە لەکاتێکدایە کە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بەهۆی فشاری ناوەندە ئەمنییەکان بۆسەر بنەماڵەی بەندکراوە سیاسییەکان نەیتوانیوە ئەوەندەی پێویست زانیاری کۆبکاتەوە.

واتە پێویستە بیرمان نەچێت کە ژمارەی ئەو بەندکراوە سیاسی و مەزهەبییە کوردانەی لە بەندیخانەکانی ئێراندا بەندکراون و لە ئێستا گیانیان بەهۆی نەخۆشییەکانیانەوە لە مەترسیدایە زیاترە لەو ناوانەی لەم ڕاپۆرتەدا هاتوون.

ناوی ژمارەیەک لەو بەندکراوانە بەم شێوەیەیە:

١ – زەینەب جەلالیان، بەندکراوی سیاسیی کورد کە بە بەندکرانی هەتاهەتایی سزادراوە و لە ١٢یەمین ساڵی بەندکرانەکەیدا تووشی “نەخۆشیی چاو” و “تا” بووە لە هاوینی ساڵی ١٣٩٨ەوە / ٢٠١٩ سەرئێشەی قورس ڕوویتێکردووە کە بە بۆچوونی پزیشکەکان بەهۆی نەخۆشیی “میگرین”ەوەیە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان بۆ تۆڕیان ئاشکراکردووە، زەینەب جەلالیان تووشی نەخۆشیی گەدە و چڵکی ڕیخۆڵەشە و لەگەڵ هەموو ئەو نیگەرانییانەی سەبارەت بە دۆخیی تەندروستییەکەی لە ئارادایە بەهۆی ڕەزامەندنەبوونی ناوەندە ئەمنییەکانەوە تا ئێستا مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە بەندیخانەی نەدراوەتێ.

٢ – پەروین ئەدوایی، بەندکراوی سیاسیی کورد لە ڕێکەوتی ۱۰ی ڕێبەندانەوە / ٢٠٢٠.٠١.٣٠، لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردە (بەندیخانەی ژنان)ی سنەدا بەندکراوە، گواستنەوەی بۆ بەندیخانە لە کاتێکدا ڕوویدا کە نەخۆشیی تیرۆئیدی هەبوو.

پەروین ئەدوایی لە ڕێکەوتی ٥ی گەلاوێژدا / ٢٠١٩.٠٧.٢٧، لە ماڵی خۆی لە مەریوان دەستبەسەرکرا و ڕۆژی ٢ی خەزەڵوەر / ١٠.٢٤، بەدانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنە ئازادکرا. ماوەیەک دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشی مەریوانەوە بە ٥ ساڵ بەندکران سزادرا کە لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ٢ ساڵ کەمکرایەوە.

٣ – محەمەد قەنبەردوست، بەندکراوی مەزهەبی نەخۆشیی ئاسمی هەیە و لە بەندیخانەی ورمێدا بەندکراوە، ڕۆژی ١٢ی ڕەشەمە / ٠٣.٠٢، بەهۆی هەناسەتەنگی و ئەگەری تووشبوون بە ڤایرۆسی کرۆنا بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی بەندیخانە ڕەوانەکرابوو.

هەرچەند بەرپرسانی بەندیخانەی ورمێ بە مەرجی دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی ڕەزامەندییان دەربڕی بۆ پێدانی مۆڵەتی چوونەدەرەو لە بەندیخانە، بەڵام بنەماڵەکەی نەیانتوانی ئەو ابرمتەیە دابین بکەن و بۆیە دیسانەوە بۆ بەندیخانە گەڕێندرایەوە.

٤ – حەسەن ڕەستاگری مەجد، بەندکراوی سیاسیی کورد نەخۆشیی ئاسمی هەیە و ماوەی شەش ساڵە لە بەندیخانەی ورمێدا بەندکراوە. پێداگریی بەرپرسانی بەندیخانەی ورمێ بۆ ئەوەی مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە بەندیخانە نەدەنە بەندکراوە سیاسییە کوردەکان لە کاتێکدایە کە لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوو چەندین بەندکراو کە گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کرۆنایان لەسەربوو لەو بەندیخانەیەوە بۆ نەخۆشخانە ڕەوانەکراون.

٥ – ئەیوب ئەسەدی، بەندکراوی سیاسیی کوردی بەندکراو لە بەندیخانەی کاشمەر هەفتەی ڕابردوو بەهۆی هەناسەتەنگی لە بەندەوە بۆ ناوەندی تەندروستیی بەندیخانە نێردرا. سەرەڕای ئەوەی پزشکانی ئەو ناوەندە ڕایان گەیاند کە بەمەبەستی چارەسەری ورگرتن مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە بەندیخانەی بدرێتێ، بەڵام بەرپرسانی بەندیخانەکە قبوڵیان نەکرد.

٦ – موزەفەر سەکانوەند لەکران، بەندکراوی سیاسیی کور هەشتەمین ساڵی ماوەی ٢٠ ساڵ سزای بەندکرانی لە بەندیخانەی شاری بۆرازجان تێپەڕدەکات، ئەو بەندکراوە سیاسییە نەخۆشیی دڵ و گەدەی هەیە. سەرەڕای ئەوە چەندین جار داوای کردووە بنێردرێتە دەرەوەی بەندیخانە بۆ چارەسەری ورگرتن، تا ئێستا ئەو مۆڵەتەی نەدراوەتێ.

٧ – چەنگیز قەدەم خێر، بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی شاری مەسجد سولەیماندا تووشی خوێنبەربوونی گورچیلە بووە، لە ڕۆژی ١٤ی ڕەشەمەوە / ٠٣.٠٤ وەک ناڕازییەک لەدژی پێڕانگەیەشتنی پزشکی و پێشێلکارییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامیاران بۆ پێدانی مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە بەندیخانە دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.

ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی ١٤ی ڕەشەمە / ٠٣.٠٤ دوابەدوای خوێنەبربوونی گورچیە لە بەندیخانەی مەسجد سەلیمان بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە، بەڵام پاش چەند کاتژمێرێک لەگەڵ ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستیشیدا بۆ بەندیخانە گەڕێندرایەوە.

٨ – محەمەد مورادی، هاوڵاتیی کورد لەکاتێکدا لە مانگی گوڵانی ساڵی ڕابردووەوە دەستبەسەرکراوە کە هێشتا ڕەوشی دۆسییەکەی دیار نییە و تووشی خوێنبەربوونی ناوەوەی جەستەیەتی. ئەو هاوڵاتییە کوردە لە ئێستادا لە بەندیخانەی نەغەدەدا دەستبەسەرە و دادگای مهابادیش بۆ ئازادبوونی کاتیی بارمتەی ٤٠ میلیارتمەنیی دیاریکردووە.

٩ – موتەلیب ئەحمەدیان، بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ڕەجایی شەهری کەرەجدا ١٠یەمین ساڵی ماوەی سزای ٣٠ ساڵ بەندکرانەکەی تێپەڕدەکات. ئەو بەندکراوە سێ مۆرەی بڕبڕەی پشتی شکاوە و ئەندامە زاوزێیەکانی چڵکیان کردووە.

مۆرەکانی بڕبڕەی پشتی موتەلیب ئەحمەدیان لەکاتی دەستبەسەرکرانیدا و بەهۆی ئەشکەنجەوە شکاوە، بەڵام بەرپرسانی بەندیخانەکان و ناوەندە دادوەری و ئەمنییەکان هیچ بەرپرسیارێتییەکان بۆ چارەسەرییەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە.

١٠ – قاسم ئابەستە، بەندکراوی مەزهەبیی سزادراوە بە سێدارە تووشی شێرپەنجەی ترۆییدە و لەگەڵ ئەوەی ئەو مەترسییەهەیە نەخۆشییەکە بۆ ئەنامەکانی دیکەی جەستەشی تەشەنە بکات بەرپرسانی بەندیخانەی ڕەجایی شەهر ڕێگریی دەکەن لەوەی چارەسەریی پزشکیی بۆ ئەنجام بدرێت.

قاسم ئابەستە لە ڕێکەوتی ٢٦ی پووشپەڕدا / ٢٠١٩.٠٧.١٧ وەک ناڕەزاییەک بۆ ئەوەی چارەسەریی بۆ ناکرێت دەستی دایە مانگرتن لە خواردن. ئەو بەندکراوە لەو ماوەیەی مانی گرتبوو لە خواردن پاڵوپەستێی خوێن و کێشی جەستەی دابەزی و چەند جارێک بوواریەوە.