ئەمجەد حوسێن پەناهی، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و برای “ئەفشین حوسێن پەناهی”، بەندکراوی سیاسیی کورد لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان وتی: “ئەفشین لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ ملیۆن تمەنی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنەوە مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە بەندیخانەی پێدراوە و ئەو مۆڵەتە ڕۆژی ڕابردوو لەلایەن دادوەری چاودێری بەندیخانەکە تا کۆتاییهاتنی پشووی نەورۆز درێژکراوەتەوە”.

ناوبراو لە بەردەوامیدا گوتی: “پاش تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کرۆنا لە بەندیخانەکاندا و بڕیارنامەی دەزگای دادی ئێران بۆ پێدانی مۆڵەتی چونەدەرەوە لە بەندیخانەکان، بنەماڵەکەمان پێداگریی زۆریان کرد بۆ ئەوەی ئەو مۆڵەتە بدرێتە ئەفشین، بەڵام داواکاری گشتی و بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعات ڕەزامەندییان دەرنەدەبڕی”.

ئەفشین حوسێن پەناهی، چالاکوانی ژینگەپارێ لە ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕی ١٣٩٦دا / ٢٠١٧.٠٦.٢٦، سێ ڕۆژ پاش دەستبەسەرکرانی ڕامین حوسێن پەناهیی برای لە ماڵی خۆی دەستبەسەرکرا. لە مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٦دا لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی “بەڕێوەبردنی ڕێورەسمی نەورۆز” و “هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردستانی” بە ٨ ساڵ و نیو بەندکران سزادرا.

ئەو چالاکوانە لە ساڵی ٩٠دا پاش بەدواداچوون بۆ پرسی مەرگی گوماناویی براکەی “ئەشرەف حوسێن پەناهی” بە تۆمەتی بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامی” بە ساڵێک بەندکران سزادرابوو و پاش تێپەڕکردنی سزاکەی لە بەندیخانە ئازادکرابوو.

ڕامین حوسێن پەناهی، بەندکراوی سیاسیی کورد و برای ئەفشین حوسێن پەناهی بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە ١٧ی خەرمانانی ٩٧ / ٢٠١٨.٠٩.٠٨لەگەڵ زانیار و لوقمان مورادی، دوو بەندکراوی سیاسیی دیکە، لە بەندیخانەی ڕەجایی شەهری کەرەج لە سێدارەدرا.