له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا هه‌واڵی ئەگەری له‌سێداره‌دانی ئه‌رسه‌لان خودكام له به‌ندیخانه‌ی شاری ورمێ‌دا بڵاو بۆته‌وه، دایكی ئه‌م به‌ندكراوه سیاسیه كورده له کورتەڤیدیۆیه‌كدا داوا له خه‌ڵك و ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تی و مافه مرۆییه‌كان ده‌كات بۆ وه‌ستانی سزای لەسێداردانی كوڕه‌كه‌ی گوشار بخه‌نه سه‌ر دەوڵەتی ئێران.
مه‌نسوور سۆهرابی، توێژه‌ری ژینگه و ئامۆزای ئه‌م به‌ندكراوه سیاسییه له وتووێژێكدا لەگه‌ڵ تۆڕی مافه‌كانی مروڤی كوردستان ڕایگه‌یاند کە داوای دادگاییكردنەدوەی دووباره‌یان كردووه و هاوكاتیش وتی بڕیاری كۆتایی له‌سه‌ر ئه‌م سزایه دراوه، هه‌روه‌ها باسی ئه‌وه‌یشی كرد كه له‌م چه‌ند ساڵه‌دا هه‌وڵه‌كانی بنه‌ماڵه‌ی ناوبراو بۆ دیاریکردنی پارێزه‌رێكی هه‌ڵبژێردراوی خۆیان لە سەر دۆسیەکە بێ‌ئاكام بووه. دادگای سه‌ربازیی ورمێ به بنه‌ماڵه‌ی ئه‌رسه‌لانی ڕاگه‌یاندووه كه له لایه‌ن ڕێكخراوی ئیتڵاعاتی سپای پاسدارانەوە له ژێر گوشاردایه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئەو سزایە.
ئه‌رسه‌لان خودكام ته‌مه‌ن ٤٧ ساڵ، هاووڵاتیی شاری مه‌هاباد، پێشتر ئه‌ندامی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران بووە و دوای ئه‌وه‌ی له‌م حیزبه جیا بووه‌ته‌وه به وه‌رگرتنی ئه‌ماننامه توانیویه‌تی بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئێران. پاشان له ساڵی ١٣٨١دا بووه به ئه‌ندامی سپای پاسداران و ساڵانێكی زۆر له‌وێ چالاك بووه، ناوبراو له ڕێكه‌وتی ٢ی مانگی گوڵانی ١٣٩٧دا (٢٢/٤/٢٠١٨) به تۆمه‌تی سیخوڕی بۆ حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران له لایه‌ن هێزه‌كانی ئێتڵاعاتی سپای پاسدارانەوە ده‌ستبه‌سه‌ر کراوە و بۆ ماوه‌ی ٣٦ رۆژ له به‌یخانه‌ی ٨١ی ڕه‌مه‌زان له پادگانی (المهدی)ی ورمێ كه تایبه‌تە به سپای پاسدارن، لە ژێر لێكۆڵینه‌وه و لێپرسینەوەدا بووە.
ئه‌م دامه‌زراوه ئه‌منیه‌تییه بە مەبەستی به‌ده‌ستهێنانی زانیاریی زیاتر و بۆ گوشارخستنه سه‌ر ناوبراو، نه‌شمیل قویتاسیی هاوسه‌ریشیان ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه، ناوبراو له ئاكامی ئه‌شكه‌نجه‌ی ده‌روونی و جه‌سته‌ییدا بە ناچاری دانی بە هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌دا ناوە کە له لایه‌ن ئیتڵاعاتی سپاوه ڕووبه‌ڕووی كرابویەوە و قه‌بووڵی كردوون.
له ڕێكه‌وتی ٢٢ی پووشپه‌ڕی ١٣٩٧دا (١٣/٧/٢٠١٨) به‌بێ ئه‌وه‌ی مافی دیاریکردنی پارێزه‌ری هەبێ، له لایه‌ن “لقی ١ی دادگای سه‌ربازیی ورمێ”وه ددگایی کرا و هه‌ر له‌و ڕۆژه‌دا به تاوانی شه‌ڕ لەگه‌ڵ خودا و سیخوڕی بۆ یه‌كێک له حیزبه‌كانی كوردستان، سزای ئێعدام‌یان به‌سه‌ردا سه‌پاند.
پاش تۆمارکردنی ناره‌زایه‌تی له لایه‌ن ئه‌م به‌ندكراوه سیاسییه‌وه، دۆسیه‌كه‌ی نێردرایه لقی ٣٢ی دیوانی باڵای ئێران و له ڕێكه‌وتی ٢٦ی گه‌لاوێژی هه‌مان ساڵدا سزاكه وه‌ك خۆی په‌سه‌ند كرا.