ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەشەمە (١٢ی مارس) ئەرسەلان خودکام، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە زیندانی هەتاهەتایی، دوای نزیکەی ٦ ساڵ بەندکران لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا، مۆڵەتی پشووی کاتیی پێ درا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم زیندانییە سیاسییە لە چەند مانگی ڕابردوودا بە هۆی بێبەشکرانەوە لە خزمەتگوزاریی گونجاو و پسپۆڕانەی پزیشکی، تووشی کێشەی کزبوونی چاو بووە. لە ڕەزبەری ئەمساڵدا (ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) بەرپرسانی زیندان پێیان ڕاگەیاندبوو کە تەنها دوای ڕەزامەندیی داواکاری گشتی و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران دەینێرنە ناوەندێکی پزیشکیی دەرەوەی زیندانی و نەشتەرگەریی چاوی بۆ ئەنجام دەدەن.

ئەرسەلان خودکام، ٥١ ساڵان و هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد، پێشتر ئەندامی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بووە کە چەندین ساڵ لەمەوپێش دوای جیابوونەوە لەو حیزبە و بە وەرگرتنی «ئەماننامە» گەڕایەوە بۆ ئێران و ساڵی ١٣٨١ (٢٠٠٢) لە سوپای پاسداراندا دەستی بە کار کرد.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ٢ی گوڵانی ١٣٩٧دا (٢٣ی مەیی ٢٠١٨) بە تۆمەتی «سیخوڕی» بۆ حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی دەزگای پاراستنی زانیارییەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٣٦ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ٨١ی ڕەمەزانی سوپا لە پادگانی ئەلمێهدیی ورمێ خرایە ژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەوە. بەرپرسانی ئەم دەزگا ئەمنییە بە مەبەستی زیادکردنی گوشارەکان لەسەر ئەرسەلان خودکام و وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ، نەشمیل قۆیتاسیی هاوسەریشیان دەستبەسەر کرد.

ئەرسەلان خودکام لە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونیدا ناچار بوو تۆمەتەکانی دەزگای پاراستنی زانیارییەکانی سوپای پاسداران لەمەڕ پێوەندیگرتن و سیخوڕیکردن بۆ حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران قبووڵ بکات.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ٢٣ی پووشپەڕی ١٣٩٧دا (١٤ی جولایی ٢٠١٨) بەبێ ئەوەی مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەری هەڵبژێرراوی پێ بدرێت، لە لقی یەکەمی دادگای سەربازیی ورمێ دادگایی کرا و هەمان ڕۆژ بە تۆمەتی «موحارەبە» و «سیخوڕی» لە بەرژەوەندیی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.

دوای تانەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە لەو حوکمە، دۆسیەکە بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی بەردەم لقی ٣٢ی دیوانی باڵای ئێران کرا، بەڵام لە ڕێکەوتی ٢٦ی خەرمانانی هەمان ساڵدا (١٧ی سێپتامبەری ٢٠١٨) وەک خۆی پەسەند کرایەوە.

دواجار ئەم حوکمە لە خاکەلێوەی ١٤٠٠دا (ئاوریلی ٢٠٢١) لە کۆمیسیۆنی لێخۆشبوون و بەخشینی دەزگای دادوەریی ئێراندا و دوای پلەیەک کەمکرنەوە، گۆڕدرا بۆ زیندانی هەتاهەتایی.