به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ ٢٨ی پووشپه‌ڕ، كه‌مال حه‌سه‌ن ڕه‌مه‌زان، به‌ندكراوی سیاسیی كورد، به هۆكارێكی نادیار له به‌ندیخانه‌ی ناوه‌ندیی ورمێوه بۆ ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ڕێكخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران گواسترایەوە.
ئه‌م به‌ندكراوه سیاسییە به درێژایی چه‌ند ساڵی ڕابردوو و سه‌ره‌ڕای ئەوە حوکمەکەکی په‌سه‌ند كراوە، به چەندین جاری دیکە گواستراوه‌ته‌وه بۆ ده‌ستبه‌سه‌رگه ئه‌منیه‌تییه‌كانی شاری ورمێ. دوایین جار له ڕێكه‌وتی ٢٤ی جۆزه‌ردانی ئه‌مساڵدا بوو کە ڕه‌وانه‌ی ده‌ستبه‌سه‌رگه‌یەکی ئه‌منیه‌تیی ورمێ كرا و دوای پێنج ڕۆژ گه‌ڕێنرایه‌وه بۆ به‌ندیخانه.
موحه‌ممه‌د ساڵح نیكبه‌خت، پارێزه‌ری ئه‌م به‌ندكراوه سیاسییه، له مانگی جۆزه‌ردانی ئه‌مساڵدا و دوای گواستنه‌وه‌ی ناوبراو بۆ ده‌ستبه‌سه‌رگه‌یه‌كی ئه‌منیه‌تی له ورمێ، به تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانی وت: «سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له كاتی ئازادبوونی پارێزراوه‌كه‌م له به‌ندیخانه نزیك بووینه‌ته‌وه و له پێوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا كه چه‌ند ڕۆژ پێش له‌گه‌ڵ ئیجرای ئه‌حكامی دادگای ئینقلاب ئیسلامیی ورمێ‌دا بووم، به من گوترابوو كێشه‌یه‌ك بۆ ئازادبوونی ئه‌و لە ئارادا نییه و ئێمه ده‌مانهه‌وێ ئازاد ببێ، به‌ڵام ڕه‌وتی ئاسایی ئازادکردنی به‌ندكراوان به‌و شێوه‌یه كه به زیندانییەکە ڕاده‌گه‌یه‌ندرێ ئه‌و ئازاد ده‌كرێ و دەتوانێت جلوبه‌رگ و كه‌ره‌سته‌كانی خۆی کۆ بکاتەوە. ئه‌وه ڕه‌وتێكی ئاسایی و ڕۆتینە كه بۆ كه‌ماڵ حه‌سه‌ن ڕه‌مه‌زان ڕووی نه‌داوه و ئه‌مه‌ش جێی نیگه‌رانییه بۆ من».
هه‌روه‌ها ئه‌م پارێزه‌ره باسی تۆمه‌تی «موحاربه» و سزای لەسێدارەدان کرد كه به‌هۆی لێكچوونی ناوەوە به‌سه‌ر كه‌مال حه‌سه‌ن ڕه‌مه‌زاندا سه‌پاوه و وتی: «ئه‌ڵبه‌ت سه‌ره‌ڕای بوونی نیگه‌رانیی زۆر، بەڵام داوا له چالاكان و رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ ده‌كه‌م به شیوازێك باس له بابه‌ته‌كه نه‌كه‌ن گوایە ئه‌ویان بۆ جێبه‌جێكردنی حوكمی ئیعدام بردووه، چونكوو ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ر هێشتا پێ‌داگر بن لەسەر ئەوەی كه “كه‌مال حه‌سه‌ن ڕه‌مه‌زان سۆلۆ” هەمان ئه‌و “كه‌ماله سوور”ـەیە کە مه‌حكووم کراوە به ئێعدام (چونکوو بە شێوەی غیابی حوکمی لەسێدارەدان بۆ کەسێک بە ناوی کەمالە سوور دەرکراوە)، ده‌بێ دادگایه‌كی دیكه به‌ڕێوه بچێ. من ناڕه‌زایه‌تیم له هه‌مبه‌ر ئه‌م بابه‌ته و بڕیاری به‌م شێوەیە ده‌ربڕیوه و ئه‌گه‌ر دادگایه‌كی دیكه به‌ڕێوه بچێ، بێگومان بڕیاری ئێعدام به‌ڕێوه ناچێ».
كه‌مال حه‌سه‌ن ڕەمەزان له‌دایكبووی ساڵی ١٩٩٠ی زایینی و خه‌ڵكی شاری سه‌رێكانیی كوردستانی سوریا (رۆژئاوا)یە، له هاوینی ساڵی ١٣٩٣ له لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌تییه‌كانه‌وه له ورمێ ده‌ستبه‌سه‌ر كرا و دوای چوار مانگ لێپرسینه‌وه له ده‌ستبه‌سه‌رگه‌كانی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی سپای پاسداران و وه‌زاره‌تی ئیتلاعات له ورمێ ڕه‌وانه‌ی به‌ندیخانه‌ی ناوه‌ندیی ئه‌م شاره كرا. ناوبراو له مانگی گه‌لاوێژی ١٣٩٤‌دا له لایه‌ن لقی دووی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ورمێوه به تۆمه‌تی “ئەندامبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستاندا (پەکەکە)” سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا. ئەم سزایە دواتر و بە پێی یاسایەک سەبارەت بە قبووڵکەدنی حوکمەکە و “ڕازیبوون بە بڕیاری دادگا”، کەم کرایەوە بۆ حەوت ساڵ و نیو.
ئیدارەی ئیتڵاعاتی ورمێ لە وەڵامی پرسیاری دادگای ئەم شارەدا بۆ ناساندنی بکەری تەقینەوەی مۆڵگە سنوورییەکەی سپای پاسداران لە ساڵی ١٣٨٥ی هەتاویدا، لەبەر لێکچوونی ناوی کەمال حەسەن ڕەمەزان سۆلۆ و کەسێک بە ناوی “کەمالە سوور”، ناوبراو وەکوو فەرماندەی ناوچەیی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لە کاتی ئەو تەقینەوەیەدا ناوزەد دەکات. لە مانگی گوڵانی ١٣٩٦ی هەتاویدا لە لایەن بەشی ئیجرای ئەحکامی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێوە بانگ کرا و سزای سێدارەکەی بە شێوەی فەرمی پێ ڕاگەیەنرا، ئەم سزایە پێشتر لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٠دا لە لایەن شوعبەی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە شێوەی غیابی بۆ کەسێک بە ناوی کەمالە سوور دەرکرابوو.
موحەممەدساڵح نیکبەخت پێشتر بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاندبوو “بە سەرنجدان بە بەڵگەی پێناسە و خوێندنی کەمال حەسەن ڕەمەزان کە نێردراوە بۆ دادگایش، ناوبراو لە کاتی تەقینەوەی مۆڵگە سەربازییەکەی سنووری ئەربیلاندا تەنیا ١٦ ساڵی بووە و ناکرێ وەک بەرپرسی پارتی ناوبراو لەو ناوچەیەدا لە قەڵەم بدرێت”.