شەوی ڕابردوو لە نێوان بەندکراوانی بەندی ٢-١دا (بەندەکانی ٢-١ و ٤-٣ی پێشوو) بەندیخانەی ناوەندی ورمێ گرژی و تێکهەڵچوون ڕووی دا و لانیکەم ١١ کەسیان بریندار بوون. دوابەدوای ئەم گرژییە بە دەیان ئەندامی گاردی تایبەتی بەندیخانە ڕژانە نێو ئەو بەندە و پەلاماری بەندکراوانیان دا و لە حاڵێکدا کە دۆخی یەک لە بەندییەکان خراپ بووە، بەڵام بەرپرسان ئامادە نەبوون ڕەوانەی نەخۆشانەی بکەن.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، کاتژمێر ٢١ی شەوی ٧ی گەلاوێژ، لە حەوشەی ئەو بەندە و لە نێوان دەیان بەندکراودا کە تۆمەتبارن بە تاوانی قورس و مەترسیدار، گرژی و تێکهەڵچوون ڕووی دا و ماوەیەکی زۆر بە کەرەستەی تیژ یەکتریان بریندار کرد. لەم گرژییەدا لانیکەم ١١ زیندانی بە قورسی بریندار بوون و هێشتا هەر لە نێو بەندەکەدان.
بەپێی زانیارییەکان سەرەڕای ئەوەی پزیشکی نەخۆشخانەی زیندان وتوویەتی ئەگەری بڕینەوەی دەستی یەک لە بەندکراوان لەبەر قورسبوونی برینەکەی هەیە و دەبێ ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەرەوە بکرێت، بەڵام بەرپرسانی زیندان گەڕاندوویانەتەوە نێو بەندەکە.
نزیکەی ٩٠٠ زیندانی لەو بەندەدا دەژین کە تێکهەڵچوونەکەی تێدا ڕوو داوە، زۆربەی ئەم بەندکراوانە تۆمەتی پێوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانیان لەسەرە. چەندین زیندانیی سیاسیش لەم بەندەدان.