به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ٢٨ی گەلاوێژ نزیکەی ١٤٠ زیندانیی بەندی ژنانی زیندانی ورمێ، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە ئاست ڕاگرتنی زیندانییانی تووشبوو بە کۆرۆنا لە ناو بەندەکەدا و پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و نەگواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە، مانیان لە خواردن گرت.
دەوترێت ئێستە لانیکەم چوار ژنە زیندانیی تووشبووی کۆرۆنا لە ژوورێکی بەندی ژنان و لە تەنیشت زیندانییەکانی‌تردا دەژین و هیچ وەڵامێک بە داخوازیی زیندانییەکان بۆ گواستنەوەی ئەو کەسانە بۆ نەخۆشخانەی زیندان بە مەبەستی بەرگرتن بە تووشبوونی زیندانییەکانی‌تر، نەدراوەتەوە.
تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەواڵی تووشبوونی لانیکەم ٤ ژنی زیندانیی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ورمێی بڵاو کردبۆوە.