سەرەڕای ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێوەیەکی بەربڵاو لە بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێدا بڵاو بۆتەوە و چەندین بەندکراویش بۆ نەخۆشخانە گواستراونەوە کە نیشانەکانی کۆرۆنایان پێوە دیار بووە، بەڵام بە فەرمانی بەرپرسانی زیندان هەموو ڕۆژ ڕێوڕەسمی ئازیەتباریی موحەڕەم لە نێو زینداندا بەڕێوە دەچێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەندیخانەی ورمێوە لەسەر ئەم بابەتە بە تۆڕی مافی مرۆڤی كوردستانی وت: «بە فەرمانی بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی ورمێ، هەموو ڕۆژ ڕێوڕەسمی ئازیەتباریی موحەڕەم لە حەوشەی بەندەکان و حسەینیەی زینداندا بەڕێوە دەچێت.»

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، بە ڕۆژ بەندکراوان چەندین کاتژمێر لە حەوشەی بەندەکاندا ڕێوڕەسمی ئازیەتباری بەڕێوە دەبەن و عەسریش چەند سەد بەندکراوی بەندە جۆراوجۆرەکان لە حسەینییەی بەندیخانە کۆ دەبنەوە و ڕێوڕەسمەکە بەڕێوە دەبەن.
بەڕێوەبردنی ئەم ڕێوڕەسمانە لە کاتێکدایە کە بەپێی لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە دەسپێکی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تا ئێستا لانیکەم ٤ بەندکراوی ئەم بەندیخانەیە بە ناوەکانی فاتمە عەلیزادە، سەیفەدین بامورادی، حەسەن جەوادی و فەریق موحەممەدی نیشانەی کۆرۆنایان پێوە دیار بووە و گیانیان لە دەست داوە.