لە ڕۆژانی ڕابردوودا لقی دووهەمی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی شاری سنە بە بیانووی بەردەوامبوونی لێکۆڵینەوەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، بڕیاری دەستبەسەربوونی فەرانەک جەمشیدی و ئەفشین شێخولئیسلامی، دوو چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی خەلکی سنەی بۆ یەک مانگی‌تر تازە کردەوە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەفشین شێخولئیسلامی هێشتا هەر لە ژووری تاکەکەسیدایە و بە درێژایی ئەم ماوەیە تەنیا چەند جارێک توانیویەتی بە کورتی پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بگرێت.
فەرانەک جەمشیدییش بە ڕۆژ بۆ لێپرسینەوە دەبرێتە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و شەوان دەگەڕێنرێتەوە بۆ کانوونی ئیسڵاح و تەربیەت کە بەندی ژنانیش لەوێیە. تۆمەتی «پڕوپاگەندەی دژ بە حکوومەت» و «چالاکیی دژی ئاسایشی نەتەوەیی» دراوەتە پاڵ ئەم چالاکە ژینگەپارێزە.
ئەفشین شێخولئیسلامیی وەتەنی ٧ی پووشپەڕ لە ماڵەکەی خۆیدا لە سنە بە دەستی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات دەستبەسەر کرا. ئەم چالاکە مەدەنییە پێشتریش لە کاتی دەستگیرکردنی بەربڵاو و دەستەجەمعیی چالاکانی ژینگەپارێز و ئەندامانی لقی کوردستانی حیزبی وەحدەتی میللیدا، لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ لە سنەدا دەستبەسەر کرا و دوای مانگێک لە ٢٨ی سەرماوەزدا بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا. دواتر لە دادگادا بە تۆمەتی «پڕوپاگەندەی دژ بە حکوومەت» لە ٢٨ی ڕەشەمەی ١٣٩٨دا حوکمی ٩١ ڕۆژ زیندانی بۆ بڕایەوە، بەڵام بە حسێبکردنی ماوەی دەستبەسەربوون و هەروەها لەبەر دۆخی نالەباری زیندانەکان لە ئەنجامی کەوتنەوەی پەتای کۆرۆنادا، پاشماوەی حوکمەکەی ئەو و ٤ چالاکی دیکە بەخشرا.