نزیکەی ٥٠ کەس لە زانایان، مامۆستایان و بەرنوێژان و هەروەها هەندێ لە نوێنەرانی پارلەمان، لە دووتوێی نامەیەکدا کە ئاراستەی سەرۆکی دەزگای دادوەری کراوە، داوایان کردووە داخوازییەکەی حەیدەر قوربانی بۆ دادگاییکردنەوەی دووبارە قبوول بکرێت.
یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی حەیدەر قوربانی لە وتووێژێکدا لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە لە زمانی ساڵح نیکبەختی پارێزەری ناوبراوەوە وتی: «دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەگەری لەسێدارەدانی کتوپڕی حەیدەر قوربانی لە داهاتوویەکی نزیکدا بە تۆمەتی «بەغی»، زانایان و مامۆستایانی ئایینیی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان نامەیەکیان ئاراستەی سەرۆکی دەزگای دادوەری کردووە و ڕایانگەیاندووە تۆمەتی بەغی کە ڕووبەڕووی حەیدەر کراوەتەوە ڕاست نییە و نابێ حوکمی لەسێدارەدانی پێ بدرێت، هەر بۆیە داوایان کردووە داخوازییەکەی حەیدەر قوربانی بۆ دادگاییکردنەوەی دووبارە قبوول بکرێت».
ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا ئەوەشی وت کە زانایانی سوننەی کوردستان لەم نامەیەدا وتوویانە حەیدەر و بنەماڵەکەی لە نزیکەوە دەناسن و دڵنیان کە ناوبراو ئەندامی هیچ لایەنێکی چەکداری دژ بە حکوومەت نەبووە و هیچ کاتێک لە بەرانبەر خەڵک و هێزەکانی کۆماری ئیسلامیدا چەکی بەکار نەهێناوە و بەم پێیەش نابێ تۆمەتی “بەغی”ی ڕووبەڕوو بکرێتەوە.
سەرچاوەکە هەروەها وتی: «ئەم کەسانە داوایان لە سەرۆکی دەزگای دادوەری کردووە بە گەڕانەوە بۆ ئەو دەسەڵاتەی لە مادەی ٤٧٤ی یاسای دادگاییکردنی کەیفەریدا پێی دراوە، دەستوور بە ڕاوێژکاران و پسپۆڕە یاساییەکانی خۆی بدات دۆسیەکەی ئەم تۆمەتبارە کە لە لقی یەکەمی دادگای ئینقلاب ئیسلامیی سنەدایە، بخوێننەوە و ڕاپۆرتێکی هەمەلایەنەی پێشکەش بکەن. چونکوو بە بۆچوونی ئەم زانایانە و بەپێی فیقهی ئیمامیە و ئایینزای سوننە، لەم دۆسیەدا مەرجەکانی تاوانی بەغی بوونی نییە و هەر بۆیە سەرۆکی دەزگای دادوەری دەبێ بەپێی دەسەڵاتە یاساییەکانی خۆی دەستوور بدات حەیدەر سەرلەنوێ دادگایی بکرێتەوە».
ئەم ئەندامەی بنەماڵەی قوربانی لە زمانی پارێزەرەکەوە وتی: «جیا لە نامەکەی زانایان و بەرنوێژانی کوردستان، هەندێ لە نوێنەرانی پارلەمانیش، لەوانە بەڕێز مەحموودزادە سەرۆکی فراکسیۆنی سوننەکانی پارلەمان، داوایان لە سەرۆکی دەزگای دادوەری کردووە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە بۆ داخوازییەکانی ئەم زانایانە و خودی حەیدەر قوربانی بکرێت».
پێشتر ساڵح نیکبەخت، پارێزەری حەیدەر قوربانی، وتبووی: «داواکارییەکەی من لە سەرۆکی دەزگای دادوەری ڕادەستی نووسینگەکەی کرابوو، بەپێی یاسا دەبوو ڕاوێژکارەکانی داوای دۆسیەکەیان کردبا و دوای خوێندنەوەی ئینجا بڕیاریان لەسەر بدایەت، بەڵام بە داخەوە لەم نموونەیەدا بەبێ ئەوەی داوای دۆسیەی بەغی بکەن و بیخوێننەوە، تەنیا لەبەر ئەوە کە پێشتر لقی ٩ی دیوانی باڵای ئێران داواکارییەکەی ڕەت کردبۆوە، ئەمانیش ئامادە نەبوون لێی بکۆڵنەوە و داوانامەکەیان ئەرشیڤ کردووە».
ئەم پارێزەرە هەروەها وتبووی: «یاسادانەر لە کاتی دانانی یاسای دادگاییکردنی کەیفەریدا، هەم مادەی ٤٧٤ی نووسیوە و هەم مادەی ٤٧٧، ئاشکرایە کە یاسادانەر نابێ هیچ یاسایەکی بێهوودە و بێسوود دابنێت و دەبێ بۆ هەر مادەیەکی یاسایی کۆمەڵێک مەرج و دەسەڵاتی تایبەت دیاری بکات. لەم بابەتەشدا دوو سەرچاوەی یاسایی بۆ لێکۆڵینەوە لە داواکاریی دووبارە دادگاییکردنەوە دیاری کراوە؛ یەکەم شوێن دیوانی باڵای وڵاتە کە بە داخەوە لقی ٩ی ئەم دیوانە بەبێ داواکردن و خوێندنەوەی دۆسیەکە داواکارییەکەی ڕەت کردبۆوە. دووهەم شوێن بەپێی مادەی ٤٧٧ خودی سەرۆکی دەزگای دادوەرییە و هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم سەرچاوەیە تەنیا لەو نموونانە دەکۆڵێتەوە کە حوکمەکە دژ بە بنەماکانی شەرعی پیرۆز بێت. بەپێی ئایەی قورئان و ئەو دوو حەدیسەی لە زمان پێغەمبەرەوە گێڕاویانەتەوە، مەرجی باغیبوون ئەوەیە کە ئەو کەسە نەتەنیا ئەندامی گرووپێکی چەکدار بێت، بەڵکوو خۆیشی چەکدار بووبێ و چەکەکەیشی بەکار هێنابێت. لە دۆسیەکەی حەیدەر قوربانیدا، سەرەڕای ئەوەی ٤ ساڵ بەسەر دەستگیربوونیدا تێپەڕیوە و نزیکەی یەک ساڵیش لە ڕێکخراوە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکان و هەروەها دادسەرا و دادگادا لێکۆڵینەوەی لێ کراوە، هیچ بەڵگەیەک نەدۆزراوەتەوە کە بیسەلمێنێ ناوبراو ئەندامی حیزبی دیمۆکرات بووە، یاخود چەکدار بووە و چەکی بەکار هێناوە. حەیدەر قوربانی سەرجەم ئەم تۆمەتانەی لە کاتی لێپرسینەوە سەرەتاییەکاندا ڕەت کردۆتەوە».
ئەم پارێزەرە یاساییەیش هاوشێوەی زانایان و مامۆستایانی ئایینیی کوردستان ڕایگەیاندووە کە ئەو تۆمەتەی ڕووبەڕووی حەیدەر کراوەتەوە لە ڕیزی تۆمەتی بەغیدا نییە و بە ناڕەوا ڕووبەڕووی کراوەتەوە. ساڵح نیکبەخت پێشتر لە چەندین وتووێژدا ڕەخنەی گرتووە لەوەی کە لێکۆڵینەوەی یاسایی و دروست بۆ ئەو تۆمەتە نەکراوە و بنەمایەکی یاسایی بۆ ڕووبەڕووکردنەوەی ئەو تۆمەتە لە ئارادا نییە. هەروەها ڕایگەیاندبوو کە لەگەڵ چەندین یاساناس و بەم دواییانەش لەگەڵ زانایانی ئایینیی ناوچەکەدا ڕاوێژی کردووە و هەموویان لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە لە دۆسیەی حەیدەر قوربانیدا هیچ بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی تۆمەتی بەغی لە ئارادا نییە.